Rewa Mahmut Hasan
10 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2016
وەدفێکی پەرلەمانتارانی پارتی گەلی کۆماری کە پێکهاتوون لە بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لەوەنت گۆک و چەند پەرلەمانتارێکی تری ئەو پارتە، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی هاووڵاتییانی شارەکە و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و کاسبکاران، سەردانی شاری دیاربەکریان کرد.
لەمیانی گوتەیەکیدا بۆ رۆژنامەنووسان گۆک ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان بۆ کۆتاییهێنان بەو بارگرژییەی لە شارەکەدا هەیە، هاتوونەتە دیاربەکر و داواشی کرد کە هەرچی زووترە شارەکە لەو شەڕ و پێکدادانە رزگار بکرێت و رایگەیاند کە ئەوان خوازیارن شاری دیاربەکر کە یەکێکە لە گرنگترین شارەکانی مێژوویی و هەروەها ناوەندی بازرگانیشە، لەو دۆخە رزگاری بێت و شەڕ و پێکدادانەکانی کۆتایی پێ بهێنرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان خوازیارن هەموولایەک لە چوارچێوەی بنەماکان دەوڵەتی یاسا و مافی مرۆڤ، ئازادییەکانی هاووڵاتییان بەرفراوان بکرێت و گوتی: "دەبێت یاسای قەدەغە لە تورکیا نەمێنێ و هەروەها لە تیرۆریش رزگار بکرێت. دەبێت هەرچۆنێک بێت کێشەی کورد لە ناو پەرلەمان لەگەڵ موخاتیبە سیاسییەکانیدا چارەسەر بکرێت. وەکو جەهەپە گرنگی بەمە دەدەین و بانگەوازیش بۆ هەموو پارتەکان دەکەین، بەهەستیارییەکی گەورەوە بەرامبەر کێشەیەکی وا گەورەی تورکیا لە ناو پەرلەمان مامەڵە بکەن و هەوڵی چارەسەریی بدەن".