Sangar Hamad Azeez
06 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2016
مۆسکۆ - AA
رووسیا رایگەیاند کەوا لە بوارەکانی پەرەپێدانی وزە و ئەتۆمدا رێککەوتنەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵپەساردووە.
نووسینگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی رووسیا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئەو گەمارۆیانەی کە ئەمریکا لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠١٣دا بەسەر رووسیای داسەپاند کاریگەری لەسەر رێککەوتنەکانی کاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات هەیە و هەر بۆیەش رێککەوتنەکان هەڵدەپەسێرین".
لەسەر هەمان پرس وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند "تا ئەو کاتەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت کەوا ئامادەن تەواوی مەرجەکانی ناو رێککەوتنەکان بەجێ بگەیەنن ئەوکات رێککەوتنەکان کارا دەبنەوە".
پێشتر سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین واژووی لەسەر هەڵپەساردنی پرۆژەیاسای رێککەوتنی لەناوبردنی پلۆتۆنیۆم لەگەڵ ئەمریکا کردبوو.
بەگوێرەی ئەو پرۆژە یاسایەی کە پوتین واژووی لەسەر کردووە، تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵسوکەوتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە رووسیا کەوا نیشانی دەدات رووسیا دوژمنی ئەو وڵاتەیە، هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی رووسیا و هەر بۆیە رێککەوتنەکان هەڵدەپەسێرێت لەگەڵ ئەو وڵاتە.