Muhammet Ali Kemal
06 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مارک تۆنەر ئاشکرایکرد ئەوان نایانەوێت پەیەدە لەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردوون، فیدراڵی دابمەزرێنێت و لایەنگری ئەوەن یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت.
مارک تۆنەر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا سەبارەت بەو کۆنفرانسەی کە بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا پەیەدە سازیبکات و تێیدا لە سووریا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە فیدراڵی رابگەیەنێت، قسەیکرد.
تۆنەر ئاماژەی بەوەکرد پێویستە گەلی سووریا بڕیار لەداهاتووی سووریا بدەن و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە پارێزراو بێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەکرد ئەوان بەپێی بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، پشتیوانیی لەوەدەکەن پێویستە ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە داهاتووی سووریا دەدرێن لەلایەن گەلی ئەو وڵاتەوە بدرێن و گوتی:
''ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پێویستە داهاتووی سووریا لەلایەن گەلی ئەو وڵاتەوە بڕیاری لێبدرێت. ئەگەر بێت و پێویست بکات روونتر باسی بکەین، ئێمە پشتیوانیی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و پێکهاتەیەکی دیموکراسیی دەکەین کە هەموو گرووپەکان لەخۆبگرێت''.
مارک تۆنەر جەختی لەوەکردەوە پێویستە هەموو لایەنەکان لەسووریا پێکەوە و لەچوارچێوەی بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کاربکەن و گوتی: ''ئێمە نامانەوێت هەر گرووپێک هەستێت و لەچوارچێوەی سنوورەکانی خۆیدا سیستمێک دابمەزرێنێت''.