Ramal Mahmood
06 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیری بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی سووریا، بەردەوامە لە ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە لەبارەی ئەوەی وێڕای ئەوەی راگەیەنرا کە لەمیانی رێککەوتنی راگرتنی پێکدادانەکانی سووریا، بڕیاردرا بە راگرتنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، بەڵام هێشتا پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەسەر ئاستی باڵادا بەردەوامە.
رۆژنامەوانێکی بەشداری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە، ئەوەی بەبیر تۆنەر هێنایەوە کە ئەمریکا گوتبوی ئەگەر رووسیا هەڵوێستی بەرامبەر سووریا نەگۆڕێت، ئەگەر پێویست بکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵدەپەسێرن، پرسی: "دوو رۆژ لەمەوبەر باسی ئەوەتان کرد کە پەیوەندییەکانتان هەڵدەپەسێرن، بەڵام تاکو ئەمڕۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی کیری و لاڤرۆڤ بەردەوامیان هەیە. ئایا لەبارەی رەوشی سووریاوە گۆڕانکارییەک روویداوە؟". لە وەڵامدا تۆنەر ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بەردەوام دەبن و گوتی: "ئەوەی باسمان کردووە بڕیارێک بووە لەبارەی پەیوەندی دوو لایەنە. ئەوە هەڵپەسێردرا، بەڵام ئەوە کۆسپ ناخاتە بەردەم پەیوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات".
تۆنەر گوتیشی: "لەکاتێکدا رووداوەکانی حەلەب-مان لەبەرچاوە، پەیوەندی نەکردن لەگەڵ لاڤرۆڤ بەشێوەی رێکخراو نابەرپرسیارێتییە. بەڵام دەتوانم ئاماژە بەوە بدەم لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا جۆن کیری پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا بەریتانی، ئەڵمانی، تورکی، ئیماراتی و قەتەری ئەنجام داوە".
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بەهۆی پابەندنەبوونی رووسیا بە رێککەتننامەکان لەبارەی سووریا و گەیشتنە خاڵی بنبەست لەبارەی رێککەوتنی راگرتنی پێکدادانەکانی سووریا، ئەگەر پێویست بکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا سەبارەت بە سووریا، دەپچڕێنن.