Aleyna Çil
29 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2023
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە بەشداری ناکات لە لووتکەی سەرکردەکانی G20، کە ئەمساڵ بە سەرۆکایەتی هیندستان لە ڕۆژانی ٩-١٠ی ئەیلوول ساز دەکرێت.
بەپێی کەناڵی NDTVی هیندستان، دوێنێ سەرۆکی ڕووسیا پوتین، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هیندستان، ناریندرا مۆدی ئەنجامداوە کە ئەمساڵ وڵاتەکەی میوانداری لووتکەی G20 دەکات.
لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا، پوتین باسی لەوە کردووە کە خۆی بەشداری لە لووتکەکەدا ناکات و لەبری ئەو وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ بەشداری دەکات.
حکوومەتی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکیدا باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە کردووە، بەڵام هۆکاری بەشداری نەکردنی پوتینی لە لووتکەی سەرکردەکانی G20دا نەخستووەتەڕوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هەردوو سەرکردە هاوڕابوون لەبارەی هاریکاریی نزیکی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
حکوومەتی هیندستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە کرد کە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە مۆدی بە تێگەیشتنەوە پێشوازی لە بڕیارەکەی پوتین کردووە بۆ بەشداری نەکردن لە لووتکەکەدا.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هەردوو سەرکردە تاوتوێی بابەتە هاوبەشە هەرێمیی و جیهانییەکانیان کردووە.
لووتکەی سەرکردەکانی G20 کە هیندستان میوانداری دەکات، ڕۆژانی ٩-١٠ی ئەیلوول ئەنجام دەدرێت.
بەهۆی بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن دادگای سزای نێودەوڵەتییەوە لەسەر دۆسیەی لێکۆڵینەوەی تاوانی جەنگی، پوتین لە ٢٤ی ئاندا لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە لووتکەی BRİCSی کرد کە لە شاری جۆهانسبێرگی ئەفریقای باشوور سازکرا.
گوتەبێژێکی حکوومەتی ڕووسیا، هەفتەی ڕابردوو بڵاویکردەوە کە سەرۆکی وڵاتەکەی پوتین، بەهۆی سەرقاڵی و چڕی بەرنامەکانییەوە ناتوانێت بەشداری لە لووتکەی G20دا بکات.