Hemın Othman Mohammed
15 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2016
سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین و سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا تاوتوێی دۆخی سووریایان كرد.
لەو بارەیەوە كرملین لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد كە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان پوتین و ئۆبامادا، باس لە جێبەجێ كردنی ئاگربەستی كاتی كراوە لە سووریا.
ئەوەش راگەیەنرا كە پوتین زانیاری داوە بە ئۆباما سەبارەت بەو بڕیارەی كە داویانە بۆ كشانەوەی بەشێكی زۆری هێزەكانی رووسیا لە سووریا، ئەوەش دوای جێبەجێ كردنی ئەو ئەركەی پێیان سپێردرابوو.
لای خۆیەوە پوتین جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە ئەو بڕیارەی داویانە كاریگەری ئەرێنی دەبێت لە دەستپێكردنی كۆبوونەوە سیاسیەكانی نێوان لایەنە شەڕكەرەكانی سووریا.
هاوكات لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی نزیكی نێوان ئەمریكا و رووسیا كراوەتەوە لە بواری سەربازیشدا بۆ پاراستنی ئاگربەست لە سووریا، گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ ناوچە گەمارۆدراوەكان و رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستیەكان بەشێوەیەكی كاریگەر.
لەلایەكی دیكەوە، كۆشكی سپی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند "ئۆباما و پوتین باسیان لە بەرەوپێشبردنی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی راگرتنی شەڕ و پێكدادانەكان كردووە لە سووریا".
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە "هەردوو سەركردە، باسیان لە هەنگاوەكانی داهاتوو كردووە كە پێویستە بنرێن بۆ تەواو جێبەجێ كردنی رێككەوتنی راگرتنی شەڕو پێكدادانەكان كە ئامانج لەو رێككەوتنە بەرەوپێشبردنی دانوستانە سیاسیەكانە بۆ چارەسەر كردنی قەیرانەكە".
لە روونكردنەوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە ئۆباما خۆشحاڵی خۆی نیشان داوە بەوەی لە كاتی رێككەوتنەكەوە تا ئێستا توندوتیژیەكان كەمبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە. بەڵام دووپاتیشی كردۆتەوە كەوا بەردەوامی هێرشەكانی رژێمی سووریا مەترسی لەسەر لەباربردنی رێككەوتننامەی راگرتنی شەڕ و پێكدادانەكان و ئەو قۆناغە هەیە كە بە رابەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی پێ كردووە.