Mohammed Baqi Hussein
15 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2016
سەرۆكی لیژنەی هێزەكانی چەكدار لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا، سیناتۆر جۆن مەككین:
- "رووسیا لەبەرئەوە بڕیاری كشانەوەی هەندێك لە هێزەكانی لە سووریا داوە، چونكە پێی وایە کە هێندە ئۆپۆزسیۆنی لە بۆردومانەكانیدا كۆشتووە كە ئەسەدی ستەمكار بتوانێت لەسەر پێی خۆی راوەستێت و بمێنێتەوە".
- "لەماوەی 4 ساڵدا رژێمی ئەسەد نزیكەی نیو ملیۆن خەڵكی كوشت و حكوومەتەكەی ئۆباما تەنها تەماشای كرد. دوای ئەوەی ئەسەد لاوازبوو، حكوومەت ئەمجارەیان تەماشای دەستێوەردانی رووسیا و هەستانەوەی رژێمی ئەسەدی كرد".
- "پێدەچێت ئەمە ببێتە هۆی درێژەكێشانی شەڕی سووریا و بەهێزتربوونی داعش و قووڵتربوونەوەی قەیرانی كۆچبەران".
- "پێدەچێت رووسیا هێزی خۆی بۆ شوێنی دیكە ئاراستەبكات و دەترسم بەهارێكی خوێناویی دیكە چاوەڕێی ئۆكراینا بكات".
سەرۆكی لیژنەی هێزەكانی چەكدار لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا سیناتۆر جۆن مەككین، رەخنەی لە كشانەوەی رووسیا گرت لە سووریا.
سیناتۆری ویلایەتی ئەریزۆنا و كاندیدی پێشووی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا جۆن مەككین، لە ئەنجوومەنی پیران رەخنەی لە سیاسەتەكانی حكوومەتەكەی ئۆباما گرت بەتایبەت سیاسەتی دەرەوە. مەككین لە روونكردنەوەیەكی نووسراودا رەخنەی لە بڕیاری كشانەوەی رووسیا لە سووریا گرت.
مەككین لە روونكردنەوەكەیدا ئاماژە بەوە دەدات كە رووسیا لەبەرئەوە بڕیاری كشانەوەی هەندێك لە هێزانی لە سووریا داوە، چونكە پێی وایە هێندە ئۆپۆزسیۆنی لە بۆردومانەكانیدا كۆشتووە كە ئەسەدی ستەمكار بتوانێت لەسەر پێی خۆی راوەستێت و بمێنێتەوە. هەروەها رەخنەی لە حكوومەتەكەی ئۆباماش گرت.
مەككین گوتنی: "لەماوەی 4 ساڵدا رژێمی ئەسەد نزیكەی نیو ملیۆن خەڵكی كوشت و حكوومەتەكەی ئۆباما تەنها تەماشای كرد. دوای ئەوەی ئەسەد لاوازبوو، حكوومەت ئەمجارەیان تەماشای دەستێوەردانی رووسیا و هەستانەوەی رژێمی ئەسەدی كرد. بێدەسەڵاتی خۆی بەوە پەردەپۆش كرد كە گوایە رووسیا سەركەوتوو نابێت. حكوومەت لەبارەی چارەسەری سیاسیی قەیرانی سووریاوە ئاماژەی بەوەدا كە چارەسەرەكە رەهەندێكی سەربازیشی هەیە و بەوەی كە چارەسەرێكی سەربازی بۆ قەیرانەكە نادۆزرێتەوە، خۆی پەڕاندەوە".
مەككین ئاماژەی بەوەدا كە رووسیا و هاوكارانی دیكەی رژێمی سووریا، هاوسەنگییەكانی ئەو وڵاتەیان گۆڕیوە و گوتی: "بەداخەوە رووسیا و داردەستەكانی لە سووریا ئەمەیان نیشان دا. ئەوان هاوسەنگییەكانی ناوچەكەیان گۆڕی و كەشێكی گونجاویان لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان ئامادە كرد بۆ چارەسەری سیاسیی. پێدەچێت ئەمە ببێتە هۆی درێژەكێشانی شەڕی سووریا و بەهێزتربوونی داعش و قووڵتربوونەوەی قەیرانی كۆچبەران. پێدەچێت رووسیا هێزی خۆی بۆ شوێنی دیكە ئاراستەبكات و دەترسم بەهارێكی خوێناویی دیكە چاوەڕێی ئۆكراینا بكات".