Yusuf Özcan,Ramal Abdullah Mahmood
31 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2018
پاریس – AA
سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن رایگه‌یاند "گرنگیدانمان به توركیا و رووسیا بۆ مه‌ودایه‌كی دوور سه‌قامگیری په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپای لێده‌كه‌وێته‌وه و خاوه‌نی هاوبه‌شێكی ستراتیجییه كه هێزی زیاتر و هاوسه‌نگی لە په‌یوه‌ندییه‌كان دێنێته دی".
ماكرۆن كه به سه‌ردانێكی فه‌رمی له ھێلسینکی پایتەختی فینلاندە، له‌گه‌ڵ سه‌ركۆماری ئه‌و وڵاته، ساولی نینیستو كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا.
ماكرۆن ئاماژه‌ی به‌وه دا له میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نینیستو له‌باره‌ی رووسیاوه دواون و له ئه‌گه‌ری ته‌واو سه‌ربه‌خۆبوونی ئه‌ورووپا له رووی به‌رگری و ستراتیجییه‌وه ده‌توانن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ رووسیا پته‌و بكه‌ن. گوتیشی: "ده‌بێت دیدگای ستراتیجیمان له‌گه‌ڵ نزیكترین هاوسێكانمان له رووی هاوبه‌شی ستراتیجی بێت. گرنگیدانمان به توركیا و رووسیا بۆ مه‌ودایه‌كی دوور، سه‌قامگیری په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپای لێده‌كه‌وێته‌وه و خاوه‌نی هاوبه‌شێكی ستراتیجییه كه هێزی زیاتر و هاوسه‌نگی لە په‌یوه‌ندییه‌كان دێنێته دی".
سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا به پێویستی زانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا چاو به په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیدا بخشێنێته‌وه له‌گه‌ڵ رووسیا و دیدگایه‌كی نوێی گونجاو له نێوان یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و رووسیا بره‌وی پێبدرێت له‌باره‌ی ئاسایشی سایبه‌ر، هاوبه‌شێتی به‌رگری و ستراتیجی. ماکرۆن گوتیشی: "له‌مباره‌یه‌وه پێویسته رووسیا له سه‌ر زۆر ته‌وه‌ر كار بكات".