Aliia Raimbekova
29 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2023
مۆسکۆ - AA
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، بڵاویکردەوە کە لە دەریای ڕەش ڕێگری کراوە لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینا.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە کاتژمێر دەوروبەری ١٢:٠٠ی ئەمڕۆ، کیێڤ هەوڵیداوە "هێرشێکی تیرۆریستیی" بکاتە سەر خاکی ڕووسیا.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ڕێگری کراوە لە هەوڵی ''هێرشە تیرۆریستییەکە'' و هاتووە؛ ''فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای ڕەش خراونەتە خوارەوە''.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، بڵاویکردەوە کە لە ماوەی یەک ڕۆژی ڕابردوودا، هێزەکانی ئاسمانیی وڵاتەکەی هەشت هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی سەربازانی ڕووسی تیایدا چڕبوونەتەوە، لەگەڵ هێرشێک بۆ سەر ناوەندی فەرمانی ڕووسیا و سێ هێرشی دیکە بۆ سەر سیستەمی بەرگریی مووشەکی ڕووسیا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە یەکەکانی تۆپهاوێژی ئۆکراینا دوو ناوەندی فەرمانی ڕووسیا و سیستمێکی بەرگریی مووشەکی و سەکۆیەکی تۆپهاوێژیان کردووەتە ئامانج.
لەم نێوەندەدا، ئەفسەری بەرپرس لە کاروباری ئۆکراینییە بێسەروشوێنەکان، ئۆلیگ کۆنتینکۆ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی، ئاماژەی بەوە کرد کە تەرمی ئەو سەربازە ئۆکراینیانەی لەو ناوچانەی بەشێوەیەکی کاتیی ڕووسیا کۆنترۆڵی کردوون ڕادەستکراونەتەوە و گوتی: ''ئەمڕۆ تەرمی ٨٤ سەربازی ڕادەستی خێزانەکانیان کراوەتەوە''.