Abdullah Abdulmanaf Shukur
21 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لهمیانی دیدار و کۆبوونەوەکانی له کۆڕبەندی ئابووریی جیھان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو کۆبووەوە.
بەپێی ئەو ھەواڵەی لە ماڵپەری فەرمی سهرۆكی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، دوای نیوهڕۆی ئەمڕۆ، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەمیانی دیدار و کۆبوونەوەکانی پەنجاھەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیھان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو کۆبووەتهوە.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی و مەولود چاوشئۆغلو جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا و گرنگیی پێکەوە کارکردن بۆ ھێورکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کردووهتەوە.
ههر بهپێی ههواڵهكه، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە بەگشتی، مەترسییەکانی تیرۆر و ئەگەری بەھێزبوونەوەی لە ناوچەکە، چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوەی و رۆڵی ھێزی ھاوپەیمانان لەوبارەیەوە، ھەروەھا چەند پرسێکی دیکەی مایەی بایەخی ھەردوولا، تاوتوێکراون و بیروڕایان لەبارەوه ئاڵوگۆڕكراوه.