Abdullah Abdulmanaf Shukur
21 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید، ئام لیند کۆبووەوە.
بەپێی ئەو ھەواڵەی لە ماڵپەری فەرمی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی لە پەراوێزی بەشداریکردنیدا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس ئێوارەی ئەمڕۆ، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید، ئام لیند کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی پشتگیریی سویدی بۆ ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ھاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێم کردووه و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوید دووپات کردووهتەوە.
ھەر بهپێی ههواڵهكه لەمیانی کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و سوید، دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان، چۆنێتیی ھاوکاریکردنیان، دوایین پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە بەگشتیی، گرنگیی ھەوڵی ھەمەلایەنە بۆ ھێورکردنەوەی گرژییەکان، مەترسییەکانی تیرۆر و پێویستیی بەردەوامیی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، تاوتوێکراون.
لای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی سوید سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ رۆڵی ھەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تێکشکاندنی داعش، پاراستنی پێکھاتە ئایینی، نەتەوەکان، داڵدەدان و ھاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران دەربڕیوه.