Abdulhameed Husseın Karam
23 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی جەژنی رەمەزان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "جەژن لە کاتێکدا دێتەوە کە ھەرێمی کوردستانیش وەک وڵاتانی ناوچەکە و جیھان، ڕووبەڕووی مەترسیی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ھەمەلایەنەکانی بووەتەوە، بۆیە پێویستە ھەموومان لە ھەرێمی کوردستان پێکەوە، یەکڕیز و تەبا کار بکەین و ھاوکار و یارمەتیدەر بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە و تێپەڕاندنی سەختییەکان.
بە پێی ھەوالێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی ھەرێمى كوردستان ، لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی - دا ھاتووە: "تەنھا بە کاری پێکەوەیی و تەبایی و ھاوکاریی ھەموو لایەکمان، وەک قەیرانەکانی پێشتر دەتوانین ئەم دۆخەش تێپەڕێنین و پێکەوە بەسەریاندا سەرکەوین".
ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە: "سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان وەک چەترێک دەبێت بۆ تەبایی و یەکگرتووییی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی کوردستان و نوێنەرایەتیکردنی ھاووڵاتیان بە تەواوی جیاوازیی ئینتیمای حزبی و سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و کولتوورییەوە، لەم پێناوەشدا و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان، لە کار و ھەوڵەکانی بەردەوام دەبێت"
دەقی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی جەژنی رەمەزان
جەژنی ڕەمەزان لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و لە تەواوی موسڵمانان لە کوردستان، عێراق و ھەموو جیھان پیرۆز دەکەم. ھیوادارم ھاتنەوەی ئەم جەژنە ھاندەری زیاتری ھەموومان بێت بۆ تەبایی، یەکڕیزی، لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن، لەگەڵ خۆیدا خێر و خۆشی بھێنێت و جەژن و بۆنەکانی داھاتوومان لە کەش و دۆخێکی باشتردا بکەینەوە.
جەژن لە کاتێکدا دێتەوە کە ھەرێمی کوردستانیش وەک وڵاتانی ناوچەکە و جیھان، ڕووبەڕووی مەترسیی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ھەمەلایەنەکانی بووەتەوە، بۆیە پێویستە ھەموومان لە ھەرێمی کوردستان پێکەوە، یەکڕیز و تەبا کار بکەین و ھاوکار و یارمەتیدەر بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە و تێپەڕاندنی سەختییەکان. تەنھا بە کاری پێکەوەیی و تەبایی و ھاوکاریی ھەموو لایەکمان، وەک قەیرانەکانی پێشتر دەتوانین ئەم دۆخەش تێپەڕێنین و پێکەوە بەسەریاندا سەرکەوین.
لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان وەک چەترێک دەبێت بۆ تەبایی و یەکگرتووییی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی کوردستان و نوێنەرایەتیکردنی ھاووڵاتیان بە تەواوی جیاوازیی ئینتیمای حزبی و سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و کولتوورییەوە، لەم پێناوەشدا و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان، لە کار و ھەوڵەکانی بەردەوام دەبێت.
جەژنی ڕەمەزان لە ھەمووان پیرۆز بێت، ھیوای سەلامەتی و تەندروستییەکی باش بۆ ھەمووان دەخوازم و داوا لە ھاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەم ڕێنمایییەکانی خۆپارێزی ڕەچاو بکەن.