Selen Temizer
03 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2022
بڕۆکسل - AA
بەهۆی کاریگەری جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کە پاش جەنگی جیهانی دووەم بە گەورەترین کاولکاری دادەنرێت لە ئەورووپادا، ناتۆ لە ٧٣مین ساڵیادی دامەزراندنیدا رۆڵێکی هەستیارتر دەگێڕێت لە ئاسایشی ئەو کیشوەرەدا.
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، بە ئامانجی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئاسایشی خۆرئاوای ئەورووپا، ناتۆ لە چوارچێوەی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەنتیک وەک یەکەیەکی سیاسیی و سەربازیی دامەزرا.
ناتۆ کە ئەرکی سەرەکی بریتییە لە پاراستن و بەرگریکردن لە ئاسایشی هاوپەیمانان، ئەندامانی هەردوو بەرەی ئەتڵەنتیک لە دەوری بەها هاوبەشەکانی وەک دیموکراسی و سەروەری یاسا کۆدەکاتەوە.
گرنگترین رەهەندی ئەو هاوبەشییە لە ماددەی پێنجەمی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەنتیکدایە کە پابەندیە بە بەرگریی هاوبەش. ئەم ماددەیە پێشنیازی ئەوە دەکات ناتۆ بەرگریی لە ئەندامانی بکات کە هەر کات رووبەڕووی هێرشێک یان مەترسییەکی هێرش بوونەوە و هەر هێرشێک بۆسەر ئەندامێکی بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامانی ئەژمار بکرێت.
- فراوانبوونەکان
ناتۆ کە سیاسەتی دەرگای کراوە پەیڕەو دەکات و دەرفەتی ئەوەی رەخساندووە بۆ هەموو وڵاتانی ئەورووپا ببنە ئەندام تیایدا کە هەموو مەرجەکانیان تێدابێت، کاتێک دامەزرا لە ساڵی ١٩٤٩دا لە ١٢ ئەندام پێکهاتبوو، ئەمڕۆ لە دوای ٧٣ ساڵ ٣٠ ئەندامی هەیە.
ناتۆ کە بە واژووی ئەمریکا، بەلجیکا، بەریتانیا، دانمارک، فەڕەنسا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئایسلاند، کەنەدا، لوکسەمبورگ، نەرویج و پورتوگال دامەزرێندرا، تورکیا لە ساڵی ١٩٥٢دا لەگەڵ یۆنان پەیوەندی پێوە کرد.
ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٥٥دا، ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٨٢دا پەیوەندیان بە ناتۆوە کرد و لە ساڵی ١٩٩٩دا کۆماری چیک، هەنگاریا و پۆڵەندا بوونە ئەندام تیایدا.
لەگەڵ زیاتر بەرفراوانبوونیدا لە ساڵی ٢٠٠٤دا بولگاریا، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا، رۆمانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤینیا بوونە ئەندامی ناتۆ، هەر یەک لە ئەلبانیا و کرواتیا لە ساڵی ٢٠٠٩دا و مۆنتینیگرۆ لە ساڵی ٢٠١٧دا و مەقدۆنیای باکوور لە ساڵی ٢٠٢٠دا بوونە ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتیە.
- کاری هاوپەیمانییەکە
بارەگای سەرەکی ناتۆ لە بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکایە، لێرە بڕیارەکانی هاوپەیمانییەکە بە "کۆی دەنگ"ی ٢٩ وڵاتی ئەندام، پەسەند دەکرێن.
وڵاتانی ئەندام لە ئاستی جیاوازدا پێکەوە کۆدەبنەوە و دەربارەی پرسە ئەمنییەکانیان راوێژ بە یەک دەکەن.
لە بارەگی سەرەکی، هەر وڵاتێک لە رێی نوێنەرێکی هەمیشەییەوە چالاکییەکانی ئەنجام دەدات. ئەو نوێنەرە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی دەکات لەناو ناتۆدا، هەروەها بەشداری راوێژکارییەکان دەکات و لە میکانیزمی بڕیارەکانیشدا رۆڵی سەرەکی هەیە.
- ئەرکی کۆڕبەندی ئەتڵەستیبڕ
ساڵانە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام دووجار و وەزیرانی بەرگری چوار جار لە بارەگای سەرەکی ناتۆ، کۆدەبنەوە.
سەرکردەی وڵاتانی ناتۆ لە هەر دوو ساڵێکدا لە یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکە کۆبوونەوەیەکی لوتکە ساز دەکەن.
وڵاتانی هاوپەیمان لە کۆڕبەندی ئەتڵەسیبڕدا لەبارەی پرسە ئەمنییەکانیانەوە راوێژ دەکەن و ئەم راوێژانەش لەسەر ئاستی لووتکەی وڵاتانی ئەندام بەڕێوەدەچێت.
- لووتکە نائاساییەکان و زیادبوونی گرنگی ناتۆ
تا ئێستا ناتۆ ٣١ کۆبوونەوەی لووتکەی ئەنجامداوە کە لەو ژمارەیەش دووانیان کۆبوونەوەی نائاسایی بوون.
ئەو دوو کۆبوونەوەیەش یەکێکیان لە ٢٥ی شوبات بەشێوەی ڤیدیۆکۆنفڕانس و ئەوی دیکەشیان لە ٢٤ی ئاداردا لە بڕۆکسل، ئەنجامدران و ئامانجی کۆبوونەوەکان، گفتوگۆکردن بوو لەسەر هەڵوێستی درێژمەودای ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا و ئەو رەوشەی دوای هێرشەکانی رووسیا هاتووەتە ئاراوە.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ناتۆ کۆکبوون لەسەر ئەوەی "لە دوای جەنگی ساردەوە ئەمە گەورەترین هەڕەشەیە رووبەڕووی ئەورووپا بووبێتەوە" و "گەورەترین وێرانکارییە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە"، بڕیاریشیان دا کە لایەنی سەربازیی باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ بەهێز بکەن و هاوکاری ئۆکراینا بکەن.
دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا، جموجۆڵە سەربازییەکانی رووسیا لەسەر سنووری ئۆکراینا زیادیان کرد، ناتۆ هێزی سەربازیی زیاتری رەوانەی وڵاتانی رۆمانیا، بولگاریا، هەنگاریا و سلۆڤاکیا کرد کە دەکەونە باڵی رۆژهەڵاتی هاوپەیمانییەکەوە.
بڕیاریشە لووتکەی داهاتوو لە ٢٩-٣٠ حوزەیراندا لە شاری مەدرید پایتەختی ئیسپانیا، ساز بکرێت.