Sangar Hamad Azeez
13 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2016
دوا بەدوای پەلامارەکەی شاری ئۆرلاندۆ کە کرایە سەر یانەیەکی شەوانەی ئەو شارە، نووسینگەی ناتۆ و یەكێتی ئەورووپا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتن بێرگ بە توندی ئیدانەی پەلامارە تیرۆریستییەکەی شاری ئۆرلاندۆی ئەمریکای کرد.
ستۆڵتن بێرگ وێرای سەرەخۆشی خۆی لە خانەوادەی ئەو هاووڵاتیانەی بوونە قوربانی گوتی: "بە توندی ئیدانەی پەلامارە ترسناکەکەی ئۆرلاندۆ دەکەم، تیرۆر و تۆقاندن هەرگیز ئێمە ناگۆڕن".
ستۆڵتن بێرگ جەختیکردەوە لە بەردەوامبوونی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش ،فێدێریکا مۆگێرینی کوشتنی هاووڵاتی بەهۆی ئەوەی هاوڕەگەزبازە یاخود ئاینی جیاوازە بە کارێکی تراژیدیا ناوبرد.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەورووپا جەختیکردەوە لەوەی کە نابێت هیچ کەسێک بەهۆی بیروباوەڕەوە بکوژرێت و گوتی: "ئێمە نیگەرانین بە پەلاماری سەر هاووڵاتیانی ئەمریکا بەتایبەتی گروپی هاوڕەگەزباز لە وڵاتەکە".
لای خۆیەوە جۆن مینای بەڕێوەبەری ئاسایشی ئۆرلاندۆ سیتی ئەوەی ئاشکراکرد کە بە مەبەستی دەستگیرکردنی پەلامارەدەکان دوا بەدوای پەلامارەکە تیمێکی تایبەتی سوات ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکە دەست پێکردووە.
جێگەی ئاماژەیە لە کاتژمێر ٥:٠٠ی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە پەلامارێک کرایە سەر یانەیەکی شەوانەی هاوڕەگەزباز و بایسێکسواڵ لە شاری ئۆرلاندۆ و بەهۆیەوە ٥٠ کەس کوژرا و ٥٣ی دیکەش بریندارکرا.