Heman Husseın Yaseen
24 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (کریسمس)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کریستیانەکانی کوردستان و عێراق و جیھان کردووە.
لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی-دا هاتووە "بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح(کریسمس)، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق و جیھان دەکەم. ھیوادارم لە کەشێکی ئارام و ئاسوودەدا جەژن بەسەر ببەن".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "ھەرێمی کوردستان وەک مەڵبەندی بەیەکەوە ژیانی نەتەوەیی و ئایینی دەمێنێتەوە، شانازیش دەکەین کە پەناگەیەک بووە بۆ میوانداریکردنی سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر و لەنێویشیاندا مەسیحییەکانی عێراق و ناوچەکە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش درێغی نەکردووە و بەردەوامیش دەبێت لە دابینکردنی ئارامی و دڵنیایی و یارمەتیدانی ھەموو ئەوانەی لەبەر ستەم و زۆرداری پەنای بۆ دەھێنن".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی هیوایشی خواستووە کە شەڕو نەھامەتیی لە ناوچەکە و جیھان بە گشتی کۆتایی پێ بێت و ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی سەقامگیر ببێت.