12 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2020
نیویۆرک - AA
سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین، مەحمود عەباس رایگەیاند کە ئامادەیە دەست بە دانوستان بکاتەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام بەو مەرجەی لەژێر چاودێری نێودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.
مەحمود عەباس و سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، ئیهۆد ئۆڵمەرت لە نیویۆرک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز کرد و تیایدا باسیان لە چەند پێشهاتێکی گرنگ کرد.
سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین، مەحمود عەباس گوتی: "هەر وەک چۆن دانوستانمان بە چاودێری لیژنەی چوارقۆڵی نێودەوڵەتی لەگەڵ حکوومەتەکەی ئێهۆد ئۆڵمەرت-دا ساز کرد، ئامادەین ئێستاش بەهەمان شێوە و لەژێر چاودێری نێودەوڵەتییدا دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل ساز بکەین".
مەحمود عەباس ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لەگەڵ ئیهۆد ئۆڵمەرت-دا، نزیکبوون لەوەی بگەن بە چارەسەر و گوتی: "فەڵەستینییەکان دەوڵەتێکیان دەیەوێت کە لە پاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا بێت بە جورێک قودسی رۆژهەڵات بۆ ئێمە و قودسی رۆژئاوا بۆ ئەوان بێت".
سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین، مەحمود عەباس ئەوەشی گوت "نێوان ئێمە و ئیسرائیل هەرچۆنێک بێت، بەڵام توندوتیژی و تۆقاندنمان ناوێت".
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، ئیهۆد ئۆڵمەرت رایگەیاند کە مەحمود عەباس و دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین هەموو کارێکیان کردووە لەپێناو ئەوەی ئاشتی بەدی بێت.
ئیهۆد ئۆڵمەرت گوتی: "مەحمود عەباس لەنێو گەلی فەڵەستین-دا تاکە هاوبەشە بۆ ئاشتی، ئەو کەسێکی ئاشتیخوازە و شەڕی تیرۆر دەکات، لەبەر ئەوەبوو دانوستانمان لەگەڵدا سازکرد".
سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، ئیهۆد ئۆڵمەرت سەبارەت بە بەناو پلانی ئاشتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە "گرێبەستی سەدە" گوتی: "پلانەکە بەبێ گەڕانەوە بۆ فەڵەستینییەکان ئامادەکراوە، جگە لەوەش ئیدارەی ئیستای ئەمریکا بە راست و دروستی لەوبارەوە کار ناکات".
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین، مەحمود عەباس رایگەیاندبوو كە پلانى بەناو ئاشتيى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى ئيدارەى دۆناڵد ترەمپ "ئاشتى و ئارامى ناهێنێت بۆ ناوچەكە"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردبوو کە ئەو پێشنيازەى ئەمريكا و ئيسرائيل قبوڵکراو نییە.