Serdar Bitmez,Afra Aksoy,Mohammed Baqi Hussein
06 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2019
دۆحە - AA
هێزە دەریاییەكانی قەتەر و ئیتاڵیا، مانۆڕێكی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگریی قەتەر، مانۆڕەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەژێر ناونیشانی "راگوزەر"دا بەبەشداریی هێزە دەریاییەكانی قەتەر و هێزی دەریایی كارلۆ مارگۆتینی ئیتاڵی بەڕێوەچووە.
مانۆڕەكە لە سنوورە ئاوییەكانی قەتەردا بەڕێوەچووە و بەرگریی ئاسمانی، بەرگریی رووی دەریا، چالاكیی سەربازی، بەرەنگاربوونەوەی ئاگركەوتنەوە و خەمڵاندنی زیانەكانی لەخۆگرتووە.
راشگەیەندراوە کە ئامانجی مانۆڕەكە بریتییە لە بەرزكردنەوەی تواناكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، توانای جەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هێزی دەریایی قەتەر و ئیتاڵیادا.
هێزی دەریایی كارلۆ مارگۆتینیی ئیتاڵی رۆژی یەكشەممە بە مەبەستی بەشداریكردن لە مانۆڕی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ قەتەر، گەیشتە بەندەری دۆحە.
قەتەر كە پەیوەندییە سەربازییەكانی لەگەڵ ئیتاڵیا بەرەوپێش بردووە، مانگی ئایاری 2017 نوێنەرایەتیی سەربازیی لە رۆما كردەوە. جگە لەوە لە دوو ساڵی رابردوودا لەنێوان هەردوو وڵاتدا چەندین مانۆڕی سەربازیی هاوبەش ئەنجامدراوە.