لە سێهەم ڕۆژی دانیشتنەکانی دادگای غەززەدا گفتوگۆ لە بارەی "تاوانی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە" ئەنجامدرا

Sarajevo
سارایێڤۆ - AA
یەکەمین دانیشتنە گشتییە کراوەکانی دەستپێشخەریی "دادگای غەززە" کە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندە یاسایی، سیاسیی و ئەخلاقییەکانی ڕووداوەکانی غەززە کە لە ژێر هێرشی ئیسرائیلدایە دامەزراوە، لە سارایێڤۆی پایتەختی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا بەردەوامە.
لە سێهەمین ڕۆژی دانیشتنەکاندا ئەکادیمیست، ڕۆشنبیر، بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا کە بۆ لێکۆڵینەوە لە بەردەوامی ئەو تاوانە جەنگییانەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیان دەدات کۆبوونەتەوە، بە تەوەری "مێژوو، ئەخلاق و فەلسەفە" گوتاریان پێشکەش کرد و، تاوتوێی بابەتەکانی وەک جینۆساید وەک تاوانی دەوڵەت، مێژووی پاکتاوی ڕەگەزی، ڕەگە فەلسەفییەکانی جینۆساید لە غەززە، ئاوارە کردنی فەڵەستینییەکان، بەرگریی فەڵەستین، تایبەتمەندی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئیسرائیل، پاکتاوی ڕەگەزی لەڕێی گێڕانەوە شارستانییەکانەوە، کلتووری زایۆنیستی و نکۆڵی کردن لە جینۆسایدیان کرد.
- بەیاننامەی سارایێڤۆ پێشکەش بە ڕای گشتیی دەکرێت
لە چوارچێوەی بەرنامەکاندا، ئەمرۆ پانێڵێکی تایبەت بە ناونیشانی "لە سرێبرێنیتساوە بۆ غەززە" بەڕێوەدەچێت.
لە کۆبوونەوەکانی دادگای غەززەدا کە پێکهاتەیەکی مەدەنییە، ئەمرۆ بەیاننامەی سارایێڤۆ کە بە بەشداریی هەموو ئامادەبووان ئامادە دەکرێت، پێشکەش بە ڕای گشتیی دەکرێت.
دادگاکە بە پشتیوانیی کۆڕبەندی گەنجانی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی (ICYF) بەڕێوەدەچێت، کە پێکهاتووە لە ئەندامانی ٦٦ ڕێکخراوی گەنجان، ئەوانیش ٥٠ ڕێکخراوی گەنجانی وڵاتانی ئەندام و ١٦ ڕێکخراوی گەنجانی نێودەوڵەتیی نوێنەری کەمینە موسڵمانەکانن.
دەستپێشخەریی دادگای غەززە، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە کۆبوونەوەی گرووپێک لە ئەکادیمیستان، ڕۆشنبیران، بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەهۆی 'شکستهێنانی تەواوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە جێبەجێ کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە غەززە' پێکهێندرا.
ئەم دادگایە (دەستپێشخەریی دادگای غەززە) تەواوکەری دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی و دادگای نێودەوڵەتی دادە نەک جێگرەوەیان و، هەوڵ دەدات بۆ خێراکردنی پرۆسەی دادپەروەری.
لەو دانیشتنەی بڕیارە لە تشرینی یەکەم لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت و بڕیاری کۆتایی بدرێت، دوای گوێگرتن لە قوربانیان و شایەتحاڵەکان، ڕەشنووسی بڕیاری کۆتایی ڕادەگەیەندرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن