Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
09 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2019
واشنتۆن- AA
له راپرسییه‌كی نوێ‌دا كه له ئه‌مریكا ئه‌نجامدراوه، ئه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌و پێكهاته ئاینییه‌ی زۆرترین جیاكاریی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌درێت، موسڵمانه‌كانن.
له‌و راپرسییه‌دا كه پۆرتاڵی هه‌واڵیی به‌ناوبانگی The Hill و كۆمپانیای HarrisX بۆ لێكۆڵینه‌وه به هاوبه‌شی ئه‌نجامیانداوه، به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به دۆخی ئه‌و پێكهاته ئاینییانه كراوه كه له ئه‌مریكا به‌ره‌وڕووی جیاكاریی ده‌بنه‌وه.
له راپرسییه‌كه‌دا كه رۆژانی ١-٢ی ئادار له‌سه‌ر هه‌زار و سێ ده‌نگده‌ری تۆماركراو ئه‌نجامدراوه، له‌سه‌دا ٨٥ی به‌شداربووان پێیان وایه كه له ئه‌مریكا موسڵمانه‌كان به‌ره‌وڕووی زۆرترین جیاكاریی ده‌بنه‌وه و له‌سه‌دا ٧٩ی به‌شداربووانیش باوه‌ڕیان وایه جووله‌كه‌كان به‌ره‌وڕووی زۆرترین جیاكاریی ده‌بنه‌وه.
له‌سه‌دا ٦١ی به‌شداربووانی هه‌مان راپرسی پێیان وایه كریستیانه‌كان و له‌سه‌دا ٥٥یشیان وای بۆ ده‌چن ئاتهیستهكان به‌ره‌وڕووی جیاكاریی ده‌بنه‌وه.
راپرسییه‌كه‌دا له‌دوای ئه‌و مشتومڕانه ئه‌نجامدرا كه سه‌باره‌ت به گوته‌كانی یه‌كه‌م ژنه نوێنه‌ری موسڵمانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، كه نوێنه‌ری ویلایه‌تی مینهسۆتایه، ئیلهان عومه‌ر له‌باره‌ی ئیسرائیله‌وه، ده‌ستیان پێكردبوو. راپرسییه‌كه له‌و رووه‌ی كه بیروبۆچوونه‌كانی سه‌باره‌ت به جیاكاریی ئاینیی ئاشكراكرد، پڕ مانا بوو.
له كاتێكدا كه مشتومڕه‌كان له‌باره‌ی ئیلهان عومه‌ره‌وه درێژه‌یان هه‌یه، ئه‌نجوومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسلام-ئه‌مریكا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه كه تێیدا ئاماژه به‌وه‌كراوه له‌ماوه‌ی رابردوودا له ئه‌مریكا ئیسلامۆفۆبیا روو له هه‌ڵكشانه.