Zana Natık Kerem
16 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2017
كوێت ــ AA
میری كوێت، شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح لە كۆشكی بەیان لە پارێزگای حەوەلی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان ئیڤ لۆدریان كرد و كۆبوونەوە.
بە پێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی (KUNA)، لە كۆبوونەوەیەكدا هەر یەك جێگری سەركۆەزیران و وەزیری دەرەوە، سەباح خالید سەباح و راوێژكاری دیوانی میری محەمەد زەیفوڵڵا شەرار و وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری راگەیاندن بە وەكاڵەت، محەمەد عەبدوڵڵا سەباح ئامادە بوون.
هەر چەندە ئاژانسەكە زانیاری زیاتری لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوە بڵاو نەكردووەتەوە بەڵام پێشبینی دەكرێت، شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح و ژان ئیڤ لۆدریان، دوایین پێشهاتەكان پەیوەست بە قەیرانی كەنداو و ئەو هەوڵانەش كە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە خراوەتە گەڕ، تاوتوێ بكەن.
كوێت سێیەم وێستگەی گەشتەكەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان ئیڤ لۆدریانە كە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی پاریس بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كەنداو بۆ ژمارەیەك وڵاتی كەنداو دەستی پێكرد.
لە چوارچێوەی ئەو گەشتەیدا، ژان ئیڤ لۆدریان سەردانی هەریەك لە قەتەر و سعوودیەی كردبوو.