Abdullah Shukur
16 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2017
بەرلین - AA
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، جان کڵود یونکەر بەرگری لەوە کرد کە لەگەڵ ئەوەی ساڵێک بەسەر ھەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووزی تورکیا تێپەڕیووە، تاکو ئێستاش یەکێتی ئەورووپا بەردەوامە لە درێژکردنی دەستی ھاوکاری بۆ تورکیا.
یونکەر وتارێکی بۆ رۆژنامەی "Bild am Sonntag"ی ئەڵمانی نووسیووە و تێدا ئاماژەی بەوە داوە کە دیمەنی ھێرشکردنە سەر پەرلەمان و گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵکی سڤیل لە شەوی ١٥ی تەمووز لە تورکیا کاریگەری لەسەر ئەو جێھێشتووە.
یونکەر ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا، دۆناڵد توسک و نوێنەری باڵای یەکێتی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش، فێدیریکا موگرینی ھەر ئەو شەوە بە ناوی یەکێتی ئەورووپا ئیدانەی ھێرشکردنە سەر دامودەزگا فەرمییەکانی تورکیایان کردووە. گوتیشی: "ئێمە لە کاتە سەختەکان پشتیوانیمان لە تورکیا کردووە و بەردەوامیش دەبین".
یونکەر جەختیشی لەوە کردەوە کە یەکێتی ئەورووپا لایەنگری لە سەقامگیری دیموکراسی و ئابووری تورکیا دەکات.
یونکەر لە وتارەکەیدا راشیگەیاند کە لەگەڵ ئەوەی ساڵێک بەسەر ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز تێپەڕیووە، تاکو ئێستاش یەکێتی ئەورووپا بەردەوامە لە ھاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی تورکیا. راشیگەیاند کە ئەوانیش چاوەڕێی ئەوە دەکەن تورکیا ھەڵوێستی خۆی لەمەڕ ئەورووپا ئاشکرا بکات و پابەندی بەھاکانی ئەورووپا بێت.
یونکەر ھیوای ئەوە دەخوازێت تورکیا لە ئەورووپا نزیک ببێتەوە نەک دووربکەوێتەوە.
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا ئاشکراشی کرد کە ئەگەر حکوومەتی تورکیا سزای لەسێدارەدان بھێنێتەوە، ئەوا یەکێتی ئەورووپا دەرگانی خۆی بەرامبەر پرسی بە ئەندامبوونی تورکیا لەو یەکێتییە دادەخات.
یونکەر لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە دەتوانرێت کاری ھاوبەشی زیاتر لە بوارەکانی دیکە لەگەڵ تورکیا ئەنجام بدەن و رێککەوتنی پەنابەرانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا بۆ ئەم پرسە بە نموونە ھێنایەوە.