Sangar Hamad Azeez
17 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2015
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری گوتی:" فەڕەنسا لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی".
دوا بەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند لە کۆشکی ئێلیس، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆن کێری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد.
ناوبراو تیشکی خستە سەرئەوەی کە لەو کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا باسیان لە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردووە و گوتی: "لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوپەیمانی زیاتر دەبەستین و هەنگاوی زیاتر دەنێین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش".
جۆن کیری باسی لەوە کرد کە دەبێت فشار بخەنە سەر داعش و گوتی: "دەبێت تەقینەوەکەی لوبنان، رووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە لە میسر، تەقینەوەی ئەنقەر و پاریسمان لەبەرچاوبێت و بەیەکەوە هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە و بەقووڵی داعش بپێکین بۆ ئەوەی لە ریشەوە لەناویان ببەین".
جێگای ئاماژەیە لە ١٣ی ئەم مانگە زنجیرەیەک تەقینەوە و پەلامار لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا روویدا و بەهۆیەوە ١٢٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٥٢ کەسیش بریندار بوون.
دوابەدوای تەقینەوەکەش رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیاریەتی تەقینەوەکەی گرتە ئەستۆ.