Dilşad Seyfeddin Ahmed
17 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2015
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەلا بەختیار لە چوارچێوەی چالاكییەكانی یادی دامەزراندنی سلێمانی كۆڕێكی تایبەتی لە ژێر ناوی (هاوكێشەكانی سیاسیی، دوای هاتنی رووسیا و جەنگی داعش) لە زانكۆی سلێمانی پێشكەش كرد.
مەلا بەختیار لە كۆڕەكەیدا لە بارەی هەرێمی كوردستانەوە دوا و گوتی: "لە پێنج حزبەكەی باشووری كوردستان، چوار لایەنمان پرۆژەیەكی هاوبەشمان هەیە لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی تەنها لەسەر ئەو پرۆژەیە رێككەوتووە و هیچ رێككەوتنێكی سیاسیی لە نێوانمانیشدا نییە و لێشی پاشگەز نەبووینەتەوە".
گوتیشی: "گفتوگۆ لە نێوان یەكێتی و گۆڕان هەیە بۆ ئەوەی رێككەوتنی دوو قۆڵی بكەین، بەڵام تائێستا گفتوگۆكە نەبووەتە رێككەوتن، ئەوەی لەسەری یەك دەنگین دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە".
بەرپرسەكەی یەكێتی لە بارەی داعشەوە ئاماژەی كرد بەوەی كە داعش توانای خۆی هەیە و دیراسەی جەنگەكەی كردووە و دەتوانێت تەكتیكی خۆی بەكاربهێنێت بە تایبەتی لەوەی خورماتوو كە كردی بەوەی شێوەی كردەوەی خۆكوژی ئەنجام بدات و قەبارەی قوربانییەكانیش زیاتر بكات.
لەبەشێكی دیكەی كۆڕەكەیدا مەلا بەختیار لە بارەی رووداوەكەی پاریسەوە دوا و گوتی: "رووداوەكەی پاریس بۆ جارێكی دیكە 11 سێبتەمبەر بوو كە لە پاریس روویدایەوە و پاریس و هەموو جیهان پێی شڵەژاوە و فەڕەنسا ئیعلانی جەنگی كردووە، رووداوەكە لە رووی ئەمنییەوە مەترسیدارە كە تیرۆریستان بگەنە گەورەترین ستادیۆمی جیهان كە سەرۆكی فەڕەنساش ئامادەبووە و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن".
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە تەوەرەیەكی دیكەی كۆڕەكەدا قسەی لە بارەی هەدەپە و پەكەكەوە كرد و بۆ یەكەمجار هەندێك نهێنی لە بارەی دیدار و كۆبوونەوەكانی حزبەكەی لەگەڵ هەردوو لایەنەكەدا ئاشكرا كرد.
مەلا بەختیار گوتی: "كاتێك لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی توركیا هەدەپە سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا و 80 كورسی بردەوە، ئێمە پەیامێكمان هەبوو بۆ هەدەپە و داوامان لێ كردن بچنە حكوومەتی ئاك پارتی و پێمان گوتن تكایە بەشداری حكوومەت بكەن و هۆكارەكانمان بۆ روون كردنەوە، بەڵام هەدەپە رەتی كردەوە".
ئەو هەروەها گوتی: "بەوەش نەوەستاین چووینە قەندیل و بە نهێنی لەگەڵ سەركردایەتی پەكەكە كۆبووینەوە و سێ كۆبوونەوەمان ئەنجامدا و پێمان گوتن تكایە ئەمە بڕیار و بەرنامەی یەكێتییە پێتان رادەگەیەنین كە بە هەدەپە بڵێن بەشداری حكوومەت بكەن و بچنە نێو حكوومەتەوە و دۆخەكە مەترسیدارە، بەڵام هەدەپە لە بڕیاری خۆی پاشگەز نەبووەوە".
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەش كرد "لە دواین سەردانی شاندی باڵای هەدەپە و كاتێك هاوسەرۆكی هەدەپە فیگەن یوكسەكداغ سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كرد لە سلێمانی، سەرلەنوێ ئەو قسانەمان بۆ دووپات كردنەوە، ئەوەشمان بۆ زیاد كردن و پێمان گوتن جەناب خەباتی چەكداری تێكەڵ بە خەباتی سیاسیی و مەدەنی و نێوخۆیی مەكەن، گوتیان نایكەین".
مەلا بەختیار رایگەیاند لە وەڵامدا بە یوكسەكداغ و شاندە هاوڕێكەیان گوتووە: "ئەوەی ئێمە دەیبینین كردووتانە و تكایە تازووە وازی لێبێنن، پێمان گوتن مەترسیدارترین شت لەسەر راپەڕین تێكەڵكردنی خەباتی چەكداری و مەدەنییە و ئێمە ئەو مەترسیانەمان هەست پێ كردووە".
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پەكەكە و هەدەپە، ئاماژەی كرد بەوەی كە حزبەكەی لەگەڵ پەكەكە و هەدەپە لەسەر هیچ خاڵێكی ئایدۆلۆجی رێك نەكەوتووە.