Zana Natık Kerem
12 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2018
قودس - AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لە میانی ھەڵمەتێکدا کە لە کەناری رۆژئاوا ئەنجامی داوە، ٢٣ ھاووڵاتی فەڵەستینی دەستگیرکردووە.
سوپای ئیسرائیل لە کاتەکانی شەودا، ھەڵمەت بە مەبەستی دەستگیرکردنی ھاووڵاتییانی فەڵەستین ئەنجام دەدات.
لە بەیاننامەیەکدا، سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە کردووە کە ئەو ٢٣ ھاووڵاتییە فەڵەستینییەی بە گومانی تێوەگلان لە ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی لە کەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دەستگیرکراوەکان رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
بەپێی داتاکانی دەستەی کاروباری دیلەکان سەربە رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین، ژمارەی بەندکراوانی فەڵەستین لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا، گەیشتووەتە شەش ھەزارو ٥٠٠ کەس کە لەنێویاندا، ٣٥٠ منداڵ، ٦٢ ئافرەت ھەروەھا شەش ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەڵەستین ھەن، ھەروەھا لەو ژمارەیە ٥٠٠ بەندکراو بە دەستگیرکردنی کارگێڕی بەبێ دادگاییکردن، بەندکراون، جگە لەوەش ھەزارو ٨٠٠یان نەخۆشن.