Mazın Asad
28 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لەبارەی چارەسەری دوو دەوڵەت لە نێو ئیسرائیل و فەڵەستین رایگەیاند: "چارەسەری 'دوو دەوڵەت' تاکە رێگایە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و دادپەروەری ھەمیشەیی لە نێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان".
کیری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی رەخنەکانی پەیوەندیدار بە پەسەندکردنی پرۆژە یاساکەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەربارەی ئیسرائیل دایەوە.
کیری ئاماژەی بەوە دا کە دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی بەھاکانی ئەمریکا نیشان دەدات و دووبارە پشتگیری بۆ بڕیارەکە دووپات کردەوە وگوتیشی: "دەنگدانی پڕۆژە یاساکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندیدار بووە بە پارێزگاریکردن لە چارەسەری دوو دەوڵەتی. بۆیە ئێمەش پاڵپشتی ئەم پڕۆژە یاسایەمان کرد".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی لە ئیدارەی ئیسرائیل گرت و گوتی: "حکوومەتی ناتانیاھو لەگەڵ لایەنە ھەرە توندڕەوەکان جموجۆڵ دەکات و بۆیە راستڕەوترین ئیدارەیە لە مێژووی ئیسرائیل".
-"لە ھەمان کاتدا ھەم دەوڵەتێکی جوولەکە و ھەمیش دیموکراسی نابێت"
کیری گوتیشی: "چارەسەری 'دوو دەوڵەت' تاکە رێگایە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و دادپەروەری ھەمیشەیی لە نێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە ئیسرائیل لە ھەمان کاتدا ھەم دەوڵەتێکی جوولەکە و ھەمیش دیموکراسی نابێت و راشیگەیاند ھەردووکیان پێکەوە نابێت و خزمەت بە ھەڵوێستی ئاشتی ناکات.
کیری لە درێژەدا گوتیشی: "ئەو سەرکردانەی کە پاڵپشتی لە پڕۆژەی نیشتەجێکردنی نوێی ئیسرائیل دەکەن ئەو کەسانەن کە چاوپۆشی تەواو لە داواکارییە یاساییەکانی فەڵەستینییەکان دەکەن".