Davit Kachkachishvili
19 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2023
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە لە میانی شەڕی دژبە رووسیادا، قورسترین پێکدادان لە ناوچەی دۆنباس روویداوە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە شەوی رابردوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام بڵاوی کردەوە، پێشهاتەکانی سەبارەت بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەڵسەنگاند کە نزیکەی ١١ مانگە بەردەوامە.
سەرۆکی ئۆکراینا بە ئاماژەدان بەوەی کە قورسترین ململانێکان لە ناوچەی دۆنباس لە ئۆکراینا بەردەوامە، گوتی: "دۆنباس ناوەندی دڕندانەترین ململانێکانە".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی جەختی لەسەر گرنگیی پشتیوانیی چەک کردەوە کە لەلایەن وڵاتانی هاپەیمانەوە پێشکەشی ئۆکراینا دەکرێت و باسی لەوە کرد کە کەنەدا-ش پاکێجێکی هاوکاریی چەکی بۆ وڵاتەکەی ئامادە کردووە. گوتیشی: "دەزانم لە ئایندەیەکی نزیکدا، هەنگاوی نوێ و پێویست دەگیرێتەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی بەرگریمان".
- بەهۆی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەوە، ١٤ کەس گیانیان لەدەست دا و ٢٥ی دیکەش برینداربوون
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە میانی قسەکانیدا، وەبیری هێنایەوە کە وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا، دەنیس مۆناسترسکی و تیمەکەی لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا، گیانیان لەدەست دا کە بەیانی دوێنێ لە شاری برۆڤاری لە ناوچەی کیێڤی پایتەخت روویدا و رایگەیاند کە بەهۆی رووداوەکەوە، ١٤ کەس گیانیان لەدەست دا و ٢٥ی دیکەش برینداربوون.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەدان بەوەی هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن لە شوێنی رووداوەکە نۆ کاتژمێری خایاند، رایگەیاند کە منداڵێک لەنێو ئەو کەسانەدایە کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدابوو و ١١ی دیکەش لەنێو بریندارەکاندا بوون.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئەوەشی خستەڕوو کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێ کردووە، گوتی: "SBU (خزمەتگوزاریی ئاسایشی ئۆکراینا) دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێوشوێن دژ بەم رووداوە ترسناکە".