Tuğçenur Akgün
19 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2023
نیویۆرک – AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس رایگەیاند: "پەیوەندییەکی ئێجگار بونیادنەرانەمان لەگەڵ تورکیادا هەیە. سوپاسگوزاری تورکیاین بەهۆی ئەوەی رۆڵی گێڕاوە لە تاوتوێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کێشە هەرە لەناکاوەکانی ئێستا".
نێد پرایس لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی خۆیدا رایگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لەو باوەڕەدایە پێویستە پشتیوانی لە فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا بکرێت و لەمبارەیەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆنگرێس بەردەوام دەبێت لە کارکردن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ خزمەتی گرنگی بەو هاوپەیمانێتییە کردووە و گوتی: "پەیوەندییەکی ئێجگار بونیادنەرانەمان لەگەڵ تورکیادا هەیە. سوپاسگوزاری تورکیاین بەهۆی ئەوەی رۆڵی گێڕاوە لە تاوتوێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کێشە هەرە لەناکاوەکانی ئێستا بە هێرشە بێبەزەیییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینایشەوە".
نێد پرایس ئاماژەی بەوە دا کە زیادەڕەوی نابێت ئەگەر بڵێین 'رۆڵی بونیاتنەری تورکیا نەبووایە رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵە واژوو نەدەکرا'، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان سوپاسگوزاری تورکیان بۆ ئەو هەنگاوانەی کە سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و حکوومەتەکەی لە میانی جەنگی ئۆکراینادا لە چوارچێوەی پێگەی تایبەتی خۆیانەوە، گرتوویانەتەبەر.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئاگاداری ئەو مەترسییانەن کە رووبەڕووی ئاسایشی تورکیا دەبنەوە و گوتی: "تورکیا لە هەموو هاوپەیمانەکانی دیکەی ناتۆ زیاتر لەسەر خاکی خۆی رووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی بووەتەوە".
نێد پرایس بە ئاماژەدان بەوەی کە تورکیا "ئەندامێکی بونیاتنەری ناتۆ"یە، رۆڵی تورکیای لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و بەتایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، بەرز نرخاند.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە بەردەوام دەبن لە هاندانی پێشوەچوونی گفتوگۆی بونیاتنەرانە نێوان تورکیا و فینلاند و سوید.
- زیادبوونی گرژییەکان لە کەناری رۆژئاوا
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە ماوەی رابردوودا جێگەی نیگەرانییە و گوتی: "نیگەرانین لەو دۆخەی کە لە کەناری رۆژئاوا دەگوزەرێت".
نێد پرایس ئاماژەی بە هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە لە قودس دا و هاوکات ئەوەیشی خستەڕوو کە تا ئێستا بڕیاری کۆتاییان سەبارەت بە دیاریکردنی شوێنەکە نەداوە و کارەکان بەردەوامن.