Ali Cura
24 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2022
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتی بۆسەر ناوچەی دۆنباس خۆرهەڵاتی ئۆکراینا راگەیاند.
ڤلادیمیر پوتین کاتەکانی بەیانی زوو ئەمڕۆ لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنەوە، گوتارێکی پێشکەش بە گەلەکەی کرد.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە بەناو حکوومەتەکانی جوداخوازانی خۆرهەڵاتی ئۆکراینا داوای هاوکاری سەربازییان لە رووسیا کردووە و گوتی: ''سەبارەت بەوە بڕیاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتم دەرکرد. ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە رزگارکردنی ئەو خەڵکەیە کە هەشت ساڵە لەلایەن رژێمی کیێڤ-ەوە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و کۆمەڵکوژ دەکرێن. هەوڵ دەدەین لە پاڵ رادەستکردنی ئەوانەی تاوانێکی زۆری خوێناویان ئەنجامداوە دژبە مەدەنییەکان بەتایبەتی هاووڵاتییانی رووسیای فیدراڵ بە دادگا، ئۆکراینا رزگار بکەین لە نازیزم و میلیتاریزم''.
ڤلادیمیر پوتین ئەوەشی خستەڕوو کە پلانی داگیرکردنی خاکی ئۆکراینایان نییە، بە زۆر هیچ شتێک بەسەر کەسدا ناسەپێنن.