Mazın Asad
14 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
غوتەی رۆژھەڵات/ئەنقەرە - AA
لەئاکامی ھێرشە ئاسمانییەکان و تۆپبارانکردنی ناوچەی غوتەی رۆژھەڵات لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە، دوو ھاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە غوتەی رۆژھەڵات، ھێزەکانی رژێمی ئەسەد ئەمڕۆ بە تۆپ و لە ئاسمانیشەوە ھێرشی کردە سەر شارەدێکانی دوما، ئەربەعین، مەدیرا، سەقبە و ھەراستە-ی سەر بە ناوچەی غوتای رۆژھەڵات.
لەوبارەیەوە بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی غوتەی رۆژھەڵات، ئەبو یاسین لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "لە ئاکامی ھێرشەکانی رژێمی ئەسەد ئەمڕۆ لە شارەدێی ئەربەعین لە ناوچەی غوتەی رۆژھەڵات، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان دوو کەسی سڤیل گیانیان لەدەست داوە".
ئەبو یاسین راشیگەیاند ھێشتا ناو ناو ھێرشەکانی رژێمی ئەسەد لە ناوچەی غوتەی رۆژھەڵات درێژەی ھەیە.
ھاوکات تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ شوێنی رووداوەکە گواستراونەتەوە و لە ئێستادا ھەڵمەتی رزگارکردن ئەنجام دەدەن.
ماوەی ھەفتەیەکە رژێمی ئەسەد بە چڕی ھێرش دەکاتە سەر یەکەکانی نیشتەجێ لە غوتەی رۆژھەڵات.
رژێمی ئەسەد ماوەی پێنج ساڵە گەمارۆی غوتەی رۆژھەڵاتی داوە کە نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کەس تیایدا دەژین و خەڵکەکەش لە ھەڵومەرجێکی ناهەمواردا ژیان بەسەر دەبەن.
ئەو خۆراک و داودەرمانانەی بە رێگەی قاچاغ بۆ ناوچەکە دەگوازرانەوە، لە ئێستادا وەستاوە.