Mazın Asad
30 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2016
دیمەشق
لە ئاکامی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سووریا بۆ سەر یەکەیەکی نیشتەجێ لە ناوچەی کەفر بەتنەی سەر بە دیمەشقی پایتەخت، نۆ کەس کوژران کە حەوتیان منداڵن و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەرپرسانی بەرگری شارستانی شارەکە دەستی کەوتووە، فڕۆکەکانی سوپای سووریا ھێرشێکی بۆ سەر ناوچەی کەفر بەتنە لە رۆژھەڵاتی غوتا لە دیمەشق ئەنجام دا.
بەرپرسانی بەرگری شارستانی شارەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ھێرشەکەدا نۆ کەس کوژران کە حەوتیان منداڵن و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و راشیانگەیاندووە کە تیمەکانی بەرگری شارستانی بە ئامێری کار ھەوڵی دەرھێنانی بریندارەکان لە ژێر خانووە رووخاوەکان دەدەن.
شایەتحاڵێک بە ناوی عیسا ئەبو شێخ رایگەیاند ئەمڕۆ بەھۆی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێم، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل کوژران کە زۆربەیان منداڵن.
ئەبو شێخ ئاماژەی بەوەش دا کە باوکێک تەرمی منداڵی خۆی لە ژێر خانووەکێک دەرکردووە و راشیگەیاند بریندارەکان لە لایەن تیمەکانی تەندروستی و بەرگری شارستانی شارەکە بۆ نەخۆشخانەکانی سەحرا لە ناوچەکە گواسترانەوە.