Abdullah Shukur
09 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2016
حەلەب
لە ئەنجامی ھێرشی رژێمی ئەسەد بۆ سەر ئەو ھاووڵاتیانەی کە لە شاری حەلەب ھەڵاتوون، ٢٥ سڤیل کوژران و لە کۆتا ٢٤ رۆژی رابڕدووش ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٩٦٠ کەس.
لە بەرامبەر بانگەشەی رووسیا لەبارەی راگرتنی ھێرشەکان لە لایەن رژێمی ئەسەد و گواستنەوەی دەیان ھەزار کەس، ھێزەکانی رژێم بەردەوامن لە بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەرپرسی بەرگری شارستانی شاری حەلەب، نەجیب ئەنساری وەریگرتووە، لە ئەنجامی ھێرشی رژێمی ئەسەد بۆ سەر ئەو ھاوڵاتییە سڤیلانەی کە لە رۆژھەڵاتی شاری حەلەب ھەڵاتوون، ٢٥ کەس کوژراون.
ئەنساری ئاشکراشی کرد کە ١٠ ھاووڵاتی سڤیلیان لە ژێر بینا رووخاوەکانی گەڕەکی جەللومی حەلەب دەرھێناوە و بەم پێیەش ژمارەی ئەو سڤیلانەی کە لە کۆتا ٢٤ رۆژی رابڕدوو کوژراون، گەیشتووەتە ٩٦٠ کەس.
لە ناوچەیەکی ١٥ کیلۆمەتری ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن لە رۆژھەڵاتی شاری حەلەب، زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار سڤیل بوونی ھەیە.
دەیان ھەزار خێزان لە ناوچەکەدا کە لەوەتەی ١٥ی تشرینی دووەمەوە لە لایەن رژێمی ئەسەد و ھاوپەیمانانی بۆردومان دەکرێن، بەھیوای ئەوەن بە شێوەیەکی سەلامەت لە ناوچەکە بگوازرێنەوە.
گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە چەند رۆژێک پێش ئێستا لە راگەیەنراوێکی ھاوبەش داوای راگەیاندنی ئاگربەستی بۆ ماوەی پێنج رۆژ و گواستنەوە برینداران لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و گواستنەوەی خەڵکی سڤیل بۆ ناوچە دەشتاییەکان کردبوو.
لە لایەکی دیکەش، وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرجی لاڤرۆڤ لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کێری لە شاری ھامبورگ رایگەیاندبوو کە رژێمی ئەسەد بەمەبەستی گواستنەوەی خەڵکی سڤیل ھێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە راگرتووە.