Muhammet Ali Kemal
29 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2016
ئەنقەرە
رووسیا كە لە رۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٥ەوە بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە رژێمی سووریا، لە رێگەی هێرشە ئاسمانییەكانییەوە بەشداری لە جەنگی ئەو وڵاتەدا كردووە، ئەوە ئاشكرابوو كە تا ئێستا لە پێكدادانەكاندا ١٠٩ سەربازی رووسی كوژراون.
رووسیا كە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سووریاوە لەساڵی ٢٠١١ەوە بە بەردەوامی پشتیوانی لە رژێمی بەشار ئەسەد كردووە، لەپاڵ هێزە ئاسمانییەكانیدا سەربازەكانیشی لە هێرشە زەمنییەكاندا بەكاردەهێنێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەرچاوەكانی نزیك لە رژێمی سووریا دەستی كەوتووە، لە كاتێكدا سەدان سەربازی رووسیا لەسەر زەوی ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەڕێوەدەبەن كە هێزەكانی ئەسەد بۆسەر چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامی دەدەن، یەكە تایبەتییەكانیش هاوشانی هێزەكانی رژێم لەهەندێك ناوچەدا بەشداری لە پێكدادانەكاندا دەكەن.
سەربازەكانی رووسیا لەهەریەك لە گردی سولونفەی ناوچەی جورینی سەربە پارێزگای لازقییە، هەروەها لە شارۆچكەكانی سەلما و رابیعەی هەمان پارێزگا و لە بنكە سەربازییەكەی رووسیا لە حمێمم، لەپارێزگاكانی دیمەشق، حەما، حومس و حەسەكە وەك تیمی تەكنیكی مووشەك و تیمی فڕۆكەوانی بوونیان هەیە.
لەچوارچێوەی پرۆسەی فراوان كردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ سەربە پارێزگای حەسەكە كە دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی سووریا و نزیك لە سنووری توركیا، رووسیا ژمارەیەك یەكەی پشتیوانی سەربازی لە فڕۆكەخانەكە جێگیركردووە. لیژنە لۆكاڵییەكانی هەماهەنگی لە سووریا لە روونكردنەوەیەكیاندا لە ١٩ی كانوونی دووەمدا ئاماژەیان بەوەكردبوو كە ١٠٠ سەربازی سوپای رووسیا بۆ فڕۆكەخانەكە گوازراونەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوە نزیكەكان لە رژێم داویانە بە ئاژانسی ئانادۆڵو، رووسیا لە رۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٥ەوە كە دەستی بە هێرشە ئاسمانییەكانی لە سووریا كردووە، تا ئێستا ١٠٩ سەربازی لە پێكدادانەكاندا لەدەستداوە. سەربازە رووسەكان ژمارەیەكیان لەهێڵەكانی پێشەوە و لە ئۆپەراسیۆنەكانی تیمە تایبەتەكاندا كوژراون، ژمارەیەكی دیكەشیان لەئەنجامی كەوتنە خوارەوەی هەلیكۆپتەرەكانیان گیانیان لەدەستداوە كاتێك بۆ ناوچەیەك گوازراونەتەوە.
- پشتیوانییەكانی رووسیا ئەنجامی نەبووە
هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن سەرەڕای هێرشی چڕوپڕی رووسیا بۆ سەریان، بەڵام توانیویانە پارێزگاری لە زۆر ناوچە بكەن كە بەدەستییانەوە بووە.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ناوەندی (IHS Jane) بۆ لێكۆڵینەوە كە بنكەی سەرەكی لە لەندەنە و رۆژی ١١ی كانوونی دووەم بڵاویكردووەتەوە، سەرەرای ئەوەی ماوەی چوار مانگە هێرشە ئاسمانییەكانی رووسیا بۆ سەر سووریا درێژەی هەیە، بەڵام رژێم توانیویەتی تەنها لەسەدا ١.٣ لە خاكی وڵاتەكەی كۆنترۆڵ بكاتەوە. یەكێك لەو ناوچانەش كە رژێم تێیدا پێشڕەوی كردووە، ناوچەی چیای توركمانی سەربە پارێزگای لازقییەیە.
سەرەڕای شكستەكانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە باشووری حەلەب، بەڵام تاوەكو ئێستاش زیاتر لە نیوەی پارێزگاكە بەدەست ئەو هێزانەوەیە. هەوڵەكانی رژێم بۆ پیشڕەوی كردن لە باكووری ئەو پارێزگایە بێ سوود بووە. ئەمە جگە لەوەی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن توانیویانە پارێزگاری لە دەستكەوتەكانیان لە پارێزگای ئیدلب بكەن كە ساڵی رابردوو توانیبوویان نزیكەی هەموو پارێزگاكە بخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە. هێزەكنی رژێم نەیانتوانیوە لە حەما و حومس پێشڕەوی بكەن و سەڕەڕای بۆردومانە چڕوپڕەكان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن پێگەكانیان لە غوتەی خۆرهەڵات سەر بە دیمەشق بەهێزكردووە.
ئەمە جگە لەوەی لەسەرەتای دەست پێ كردنی هێرشەكانی رووسیاوە تا ئێستا هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن توانیویانە چەند خاڵێكی گرنگ كۆنترۆڵ بكەن، ئەو ناوچانەش بریتین لە هەریەك لە گوندەكانی عەتشان و كەفەر نابودە لە حەما و شارۆچكەی مۆریكی ستراتیجی كە توانیویانە لەژێر چنگی رژێم دەریبهێنن.