Mohammed Baqi Hussein
29 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2016
واشنتۆن
راگەیەنرا كە سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما فەرمانی بە یەكەی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەكە كردووە بەردەوام بێت لە بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەكانی داعش بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە لیبیا و وڵاتانی دیكە.
لە روونكردنەوەیەكی كۆشكی سپیدا باس لەوە كراوە كە ئۆباما ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكای بەمەبەستی تاوتوێكردنی بەهێزكردنی بەرەنگاربوونەوە و لاوازكردن و لەناوبردنی رێكخراوی تیرۆرستی داعش كۆكردۆتەوە.
بەپێی روونكردنەوەكە، ئۆباما جەختی كردۆتەوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەوانەی پەلامارە تیرۆرستییەكانی رێكخراوە رێكدەخەن لە هەموو وڵاتان.
روونكردنەوەكە ئاماژەی بەوە داوە كە داعش و گرووپە توندڕەوەكانی دیكە هەوڵدەدەن پەناگەی ئارام بۆ خۆیان دابین بكەن لەو شوێنانەی كە دەسەڵاتی ئیداری تێیاندا لاواز و سنووردارە.
لەدەقی روونكردنەوەكەدا هاتووە،"سەرۆك ئۆباما فەرمانی بە یەكەی ئاسایشی نیشتمانی كردووە درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە لیبیا و ئەو وڵاتانەی رێكخراوەكە دەیەوێت پێگەی خۆی تێیاندا بەهێز بكات بدرێت و بەردەوامبن لە بەهێزكردنی حكوومەتی ئەو وڵاتانە دژی رێكخراوەكە".
وەزیری بەرگری ئەمریكا ئاشتۆن كارتەر لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن رایگەیاند بوو، "داعش لە لیبیا كەمپی مەشق و راهێنانی سەربازی دامەزراندووە و هاوشێوەی سووریا و عێراق، پێشوازی لە جەنگاوەری بیانی دەكات تێیاندا".
كارتەر جەختیشی کردبۆوە، كە لەنزیكەوە شوێن پێی داعش هەڵدەگرن و پلانەكانیان بۆ ئایندە بەروپێش دەبەن.