حەلەب
لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچەی حردتین لە پارێزگای حەلەب کە لەژێر کۆنترۆڵی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندایە، ٣ کەس کوژران و ٢٥ی دیکەش برینداربوون..
بەرپرسی رۆژنامەوانی جەبهەتولشام، یاسر ئەحمەد لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی رژێم بە مووشەک هێرشی چریان بۆسەر ناوچەکە دەستپێکردووە و لەئەنجامدا چەندین بینا و ئۆتۆمبێل داڕماون و تێکشکاون.
ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
لەلایەکی ترەوە کۆنسەیی شۆڕشی گشتی سووریا لە روونکردنەوەیەکیاندا ئاماژەیان بەوەداوە کە جەبهەتولشام ناوچەیەکی ستراتیجی گرنگی مەڵاح-یان بەدەستەوەیە کە دەکەوێتە باکووری حەلەب.
لە ئەنجامی شەروپێکدادانەکانی ئەو ناوچەیە، ٢٥ سەربازی رژێم کوژراون و ٣ تانک تێکشێنراون و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەناوچەی مەلاحەوە بۆ حەندەرات پێشڕەوییان کردووە.
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەماوەی پێشوودا و لەشەڕی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ یەکەکانی سەر بە سوپای ئەسەد ٤٠٠ سەربازی رژێم کوژراون و ٥٠ شیان لێ بەدیل گیراوەو ٦ تانک و چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان تێکشکێنراون.