Halit Süleyman,Hemın Othman Mohammed
30 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2016
حەلەب - AA
لە ئاکامی ھێرشی ھێزەکانی رژێمی ئەسەد بۆسەر ناوچەی جب ئەلقوبە خۆرھەڵاتی شاری حەلەب باکووری سووریا، ٤٥ کەس کوژران کە ژن و منداڵیشیان لەنێودایە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئیبراھیم ئەبو لەیس، بەرپرسی راگەیاندنی تیمی بەرگری شارستانی شاری حەلەب، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکە تۆپھاوێژەکانی سەربە ھێزەکانی ئەسەد، ھاووڵاتییانی مەدەنی ناوچەی جب ئەلقوبەی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنیان تۆپباران کردووە.
گوتیشی: "لە ھێرشەکەدا ٤٥ کەس کوژران کە ژن و منداڵیان لەنێودایە و، دەیانی دیکەش برینداربوون. ناوچەکە لەژێر ھێرشی چڕدایە".
بەھۆی ھێرشەکانی ئەم دواییەوە رژێمی ئەسەد بۆسەر ناوچەکانی خۆرھەڵاتی شاری حەلەب لە ١٥ی تشرینی دووەمەوە تا ئێستا، ٧٣٩ کەس لە ھاووڵاتییانی کوژراون، دوو ھەزار و ٥٠٠ کەسیش برینداربوون.
پارێزگای حەلەب دوای دیمەشق دووەم گەورەترین پارێزگای سووریایە. ناوەندی شارەکە ٤٠ کیلۆمەتر لە تورکیاوە دوورە. خۆرئاوای شارەکە بەدەست رژێم و خۆرھەڵاتی شارەکەش لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆندایە. بەپێی زانیاریی و ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی حەلەب، خۆرھەڵاتی حەلەب کە ٣٠٠ ھەزار کەسی لێ دەژی و لەژێر گەمارۆی ھێزەکانی رژێمدایە، ماوەی ٩٦ رۆژە ھاووڵاتییان بێبەشن لە سەرەتاییترین پێداویستییە مرۆییەکان.
لەماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا سەرجەم نەخۆشخانەکانی خۆرھەڵاتی شاری حەلەب بەھۆی بۆردومانەکانەوە وێران بوون و خزمەتگوزاریی تەندروستییان تێدا پێشکەش ناکرێت. تەنھا ٣ نانەوانخانە لە شارەکە بوونیان ھەیە و ھەموو خوێندنگەکانی شارەکە داخراون.