Mohammed Baqi Hussein
22 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2016
حەلەب
فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا هێرشێكیان كردە سەر ناوەندی شاری حەلەب باكووری سووریا و لە ئەنجامدا 10 كەس كوژران و 25ی دیكەش بریندار بوون.
ئیبراهیم ئەبو لەیس یەكێك لە بەرپرسانی پاراستنی خەڵكی سڤیل لە شاری حەلەب، لە لێدوانێكیدا بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو گوتی: "فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا گەڕەكەكانی بوستان ئەلقەسڕ، بابولحەدید، ئەنساڕی و مەشهەد-یان بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا 10 كەسی مەدەنی كوژران و 25ی دیكەش بریندار بوون".
راشگەیەنرا کە بریندارەكان گوازراونەتەوە بۆ بنكە تەندروستییەكانی ناوچەكە.
رووسیا لە 30ی ئەیلوولی 2015ەوە هێرشەكانی لە سووریا دەست پێ كرد و لە 14ی ئاداری ئەمساڵیشدا رایگەیاند كە هێزەكانی لەو وڵاتە كەمدەكاتەوە.
لە 27ی شوباتەوە كە ئاگربەستێكی كاتی بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ راگرتنی پێكدادانەكان و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان راگەیەنرا، لەوكاتەوە رووسیا بەرێژەیەكی زۆر هێرشەكانی راگرت. بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە چەند ناوچەیەكی وەك چیای توركمان، ئیدلیب، حمس و حەلەب جار جارە فڕۆكە رووسییەكان هێرش ئەنجام دەدەن.