Mazın Asad
04 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن دەنگۆکانی دەستلەکارکێشانەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت.
تیلەرسن لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کاردانەوەی بەرامبەر میدیاکانی وڵاتەکەی نیشان دا بەرامبەر ھەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی و گوتی: "پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆک بەھێزە. ھاوکات جێگری سەرۆکیش لەبارەی مانەوەم لە ئەرکەکەم ھیچ کاتێک ھەوڵی قایلکردنمی نەداوە. چونکە ھیچ بیر لە وازھێنان لەم ئەرکە ناکەمەوە".
تیلەرسن ئاماژەی بەوەش دا کە لەبارەی سیاسەتی دەرەوەدا ھەڵوێستی ھاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ھەیە و راشیگەیاند بەگوێرەی ئەو ھەڵوێستە درێژە بە ئەرکەکەی دەدات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەرکەکەی و راشیگەیاند گشت کارەکان بەشێوەی تیمێک بەڕێوە دەبەن.
لەبارەی ترەمپەوە رێکس تیلەرسن گوتی: "ئەو کەسێکی زیرەکە و وڵاتەکەی خۆش دەوێت. گەلی ئەمریکا و ئەمریکا دەخاتە پێشەنگی کارەکانی. ھەر کارێک کە دەیکات، چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکات".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گشت ئەو ھەواڵانەشی بەدرۆخستەوە کە گوایە نێوانی لەگەڵ ترەمپ خراپە.