Mazın Asad,Abdullah Shukur,Sangar Hamad Azeez
04 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2017
بەرشەلۆنە - AA
سەرەڕای ئەوەی دادگای دەستووری ئیسپانیا گشتپرسییەکەی ١ی تشرینی یەکەمی ھەرێمی کەتەلۆنیای بە نایاسایی لەقەمەم دا و حکوومەتی ئیسپانیاش کاردانەوەی توندی نیشان دا، حکوومەتی کەتەلۆنیا بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی دەستی بە جموجۆڵ کرد.
لە کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کەتەلۆنیا، سەرۆکی پارتی دەسەڵات و پارتی یەکێتی گەل بڕیاریان دا بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نایاسایی لە ٩ی تشرینی یەکەم لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا.
لەوبارەیەوە پەرلەمانتاری پارتی یەکێتی گەل، میریا بۆیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ھیچ کەسێک ناتوانێت رێگر بێت لە راگەیاندنی سەربەخۆیی ٩ی تشرینی یەکەم. دەزانن کە ماددەی ١٥٥ (ماددەی رادەستکردنی دەسەڵاتەکانی ئیدارەی ھەرێم بۆ حکوومەتی ناوەندی) پەیرەو دەکەن. رەنگە بڕیاری دەستبەسەرکردن یاخود دوورخستنەوە بۆ ئەندامانی پەرلەمانی کەتەلۆنیا یاخود بۆ ئەندامانی حکوومەت دەربچێت. ئێمە ئامادەکاریمان بۆ ھەموو شتێک کردووە. بانگەوازی بۆ گەلی کەتەلۆن دەکەین بڕژێنە سەر شەقامەکان".
سەرەڕای ئەوەی پارتی گەل لە دەسەڵاتە لە وڵاتی ئیسپانیا، بەڵام بچووکترین پارتی سیاسییە لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا، ھاوکات سەرۆکی ئەو پارتە لە کەتەلۆنیا خاڤیار گارسیا ئالبیۆل لە ٨ی تشرینی یەکەم داوای لە گشت ئەو کەسانە کردبوو کە دژی سەربەخۆیین، لە شاری بارسێلۆنا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
ئالبیۆل کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە پەرلەمانی خۆجێی کەتەلۆنیا رێکخست و گوتی: "دڵنیام لە کەتەلۆنیا لە چەند رۆژێکی داھاتوو رووبەڕووی رۆژانی سەختر دەبینەوە. ئەگەر حکوومەتی کەتەلۆنیا سەربەخۆیش رایگەیەنێت ئەوا ئەم بابەتە ھەرگیز کۆتایی پێ نایەت".
لەم نێوەندەش وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا خوان ئیگناسیۆ زۆیدۆ پشتیوانی ناردنی پۆلیسی کرد بۆ کەتەلۆنیا بە بیانووی زیادبوونی گرژییەکان بەهۆی گشپرسییەوە.
زۆیدۆ لە میانی بەسەرکردنەوەی چۆنییەتی بەرێوەچوونی کارەکان لە بارسێلۆنا بۆ پۆلیسەکان گوتی: "شانازیتان پێوە دەکەین. حکوومەتەکەمان هەرگیز قبوڵ ناکات رق و کینە بەرامبەر بە پۆلیس و ئاسایش هەڵبگیرێت".
زۆیدۆ کە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ورەی پۆلیس، سپێدەخوانێکی لەگەڵ ئەو پۆلیسانە ئەنجام دا کە لە بەندەری بارسێلۆنا سەرقاڵی ئەرکەکانیان بوون و گوتی: "لانی کەم تا ١١ی ئەم مانگە درێژە بە ناردنی پاڵپشتییە ئەمنییەکان دەدەن بۆ کەتەلۆنیا".