Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند "بڕیارە رۆژی ھەینی تەرمی مام جەلال لە ئەڵمانیاوە بگاتەوە ھەرێمی کوردستان و لەو رۆژەدا بەخاك دەسپێردرێت و دواتر لە شوێنی ناشتنەكەی ئاگادار دەكرێنەوە، ئەو رۆژە ئەگەر فریا بکەوێت دەکرێتە رۆژی یەکەمی پرسەکەی لە شاری سلێمانی، رۆژی دواتریش لە شاری سلێمانی و شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان پرسەی بۆ دادەنرێت ، بەڵام پێدەچێت رۆژی شەممە ببێتە رۆژی یەكەمی پرسەكەی لە شاری سلێمانی ".
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، بەغدا وەک ئەوەی تاڵەبانی سەرکۆماری عێراق بووە، داوا دەکەن لە شاری بەغداوە بھێنرێتەوە ھەرێمی کوردستان و لەوێ رێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ ساز بکەن، بەڵام تائێستا ئەوەش یەكلا نەبووەتەوە و ئەمڕۆ زانیاری زیاتر لەسەر وردەکاری رێوڕەسمەکە و ھاتنەوەی ئاشکرا دەکەن.
دوێنێ سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی باسی لەوەش كرد، بەبۆنەی كۆچی دوایی تاڵەبانی چەندین پرسەنامە و سەرەخۆشییان پێگەیشتووە سەركۆماری توركیا بەتەلەفون پەیوەندی بە خانەوادەی تاڵەبانی كردووە و سەرۆك وەزیرانی توركیاش پرسە و سەرەخۆشی خۆیان گەیاندووەتە خانەوادە و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان.
تاڵەبانی لە ساڵی ٢٠١٢ لە شاری بەغدا تووشی جەڵدەی مێشک بوو، دوای ئەوە رەوانەی ئەڵمانیا کرا بۆ چارەسەر و تا ساڵی ٢٠١٢ لەو وڵاتە مایەوە و دواتر گەڕِێنرایەوە سلێمانی، لەو کاتەشەوە چەند جارێک سەردانی ئەڵمانیای پێکراوەتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.