ترەمپ ڕایگەیاند کۆنترۆڵی ڤێنیزوێلا لەدەست ئەمریکادایە و هەڵبژاردن لە کاتی گونجاودا دەکرێت
Washington DC
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کۆنترۆڵی ڤێنیزوێلایان لەدەستدایە و، ڕایگەیاند: "هەموو شتێکی وڵاتەکە ئێمە بەڕێوەی دەبەین و وڵاتەکە چاک دەکەین. دواتر لە کاتێکی گونجاودا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت".
لە کاتی گەڕانەوەی لە فلۆریداوە بۆ واشنتۆن، ترەمپ لە فڕۆکەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و، هەڵسەنگاندنی بۆ ڕۆژەڤی وڵاتەکە کرد.
سەبارەت بە دەستوەردانی سەربازیی لە ڤێنیزوێلا، ترەمپ باسی لەوە کرد کە کارێکی ڕاست و ڕەوا بووە و، بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر لەو وڵاتەوە دێتە ئەمریکا و سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ "دەوڵەتێکی تیرۆری پەیوەست بە ماددەی هۆشبەر"ی بەڕێوە بردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کاری زۆر ماوە سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڤێنیزوێلا بکرێت، ئەوەیشی خستەڕوو کە کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی ئەمریکا دەچنە ئەو وڵاتە و دەست بە کارکردن دەکەن کە بە بڕی ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت.
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، ئاماژەی بەوەیش کرد کە لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە، دێلسی ڕۆدریگێز لە پەیوەندییەکی نزیکدان و، گوتی: "کۆنترۆڵی ڤێنیزوێلا لەدەست ئێمەدایە".
ترەمپ بەبێ ئەوەی بچێتە وردەکارییەوە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هێشتا خۆی قسەی لەگەڵ ڕۆدریگێز نەکردووە، بەڵام ئەندامانی کابینەکەی لەگەڵی کۆبوونەتەوە و، گوتی: "ئەو هاریکارییمان لەگەڵ دەکات".
هاوکات ترەمپ هەڕەشەکانی بۆ سەر ڕۆدریگێز دووپات کردەوە کە ئەگەر هەنگاو دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەڵبنێت، چارەنووسی لە مادورۆ خراپتر دەبێت، جەختیشی کردەوە کە چاوەڕوانە ئیدارەی ئێستای ڤێنیزوێلا کارەکان بە ڕاستی ئەنجام بدەن.
"ڤێنیزوێلا ئێستا وڵاتێکی مردووە. دەبێت دووبارە زیندووی بکەینەوە. بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانەکەی، پێویستە کۆمپانیاکانی نەوت وەبەرهێنانی گەورە بکەن و کۆمپانیاکانیش بۆ ئەمە ئامادەن" ترەمپ وای گوت و، بانگەشەی ئەوەی کرد مافی ئەوەیان هەیە نەوتی ڤێنیزوێلا بەو شێوەیەی دەیانەوێت بەکاربهێنن.
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا سەرەتا کاروباری ڤێنیزوێلا بەڕێوە دەبات، دۆخەکەی چاک دەکاتەوە و پاشان لە کاتی گونجاودا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
ترەمپ هەڕەشەی هێرشی دووەمی بۆ سەر ڤێنیزوێلا کرد، کە ئەگەر ئیدارەی ئەو وڵاتە بەباشی ڕەفتار نەکات و، گوتی: "ئێرە ڤێنیزوێلایە، ئێرە ناوچەی ئێمەیە".
سەبارەت بە ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ هەڕەشەی سزای توندی لەو وڵاتە کرد ئەگەر دەست بکەنەوە بە کوشتنی خۆپیشاندەران.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ ڕایگەیاند کە مەکسیک لەلایەن کارتێڵەکانی ماددەی هۆشبەرەوە بەڕێوە دەبرێت و پێشنیازی ناردنی سەربازی بۆ ئەوێ کرد، هەروەها کۆڵۆمبیای بە "وڵاتێکی نەخۆش" ناوبرد و ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ئەو وڵاتە کرد.
سەبارەت بە بانگەشەی هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر شوێنی مانەوەی سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ باسی لەوە کرد بڕوا بەو بانگەشانە ناکات، هاوکات ئاماژەی بە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ سەرۆکی چین کرد و ڕایگەیاند کە مانگی نیسان سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
