جيهان, ئابووری

بە بەهای حەوت ملیار دۆلار ڕێککەوتننامەیەکی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی سووریادا واژوو کرا

سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کالیۆن هۆڵدینگ، جەمال کالیۆنجو ڕایگەیاند: "ئامانجمانە بە هێزی ئەندازیاریی و ئەزموونی بەڕێوەبردن و ڕێبازی پێشکەوتنخواز بەشداری لە دابینکردنی ئاسایشی وزەی سووریادا بکەین".

Ömer Koparan, Can Efesoy, Muhammed Karabacak  | 30.05.2025 - نوێکردنەوە : 31.05.2025
بە بەهای حەوت ملیار دۆلار ڕێککەوتننامەیەکی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی سووریادا واژوو کرا

Damascus

دیمەشق - AA

کۆمپانیاکانی کالیۆن هۆڵدینگ و جەنگیز هۆڵدینگ، کە لە تورکیا و دەرەوەی وڵات لە چەندین بواری وەک ژێرخان و گواستنەوە، بەتایبەتی لە بواری وزەدا وەبەرهێنانی گەورەی جیهانییان ئەنجام داوە، لەگەڵ کۆمپانیای UCCی قەتەری و کۆمپانیای پاوەر ئینتەرناشناڵی ئەمریکی، بە بەهای حەوت ملیار دۆلار ڕێککەوتننامەیەکی وەبەرهێنانی وزەیان لە سووریا واژوو کرد.

بە ئامادەبوونی سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع ڕێککەوتننامەیەکی ستراتیجی هاوبەش بە بەهای حەوت ملیار دۆلار لەنێوان وەزارەتی وزەی سووریا و کۆمپانیاکانی کالیۆن هۆڵدینگ و جەنگیز هۆڵدینگ لە تورکیا، کۆمپانیای UCCی قەتەری و کۆمپانیای پاوەر ئینتەرناشناڵی ئەمریکی واژوو کرا.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا کۆنسۆرتیۆمێک کە کالیۆن هۆڵدینگیشی تێدایە، وێستگەکانی کارەبا کە بە غازی سروشتی کار دەکات، بە توانای کۆی گشتیی چوار هەزار مێگاوات لە ناوچەکانی ترەیفی، زەیزوون، دێرەزوور و محەردەی سووریا دروست دەکات و، وێستگەیەکی وزەی خۆریش بە توانای هەزار مێگاوات لە ناوچەی ودیان ڕەبیعی دروست دەکرێت.

پێشبینی دەکرێت وێستگەکانی پرۆژەکە قۆناغ بە قۆناغ بخرێنە کار. ئامانجیش ئەوەیە وێستگەکانی غازی سروشتی لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو بکرێن و، وێستگەی وزەی خۆریش لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا بخرێتە کار.

ئەم وەبەرهێنانە گەورەیە تەنیا ئاسایشی دابینکردنی وزەی سووریا بەهێز ناکات، بەڵکو لە هەمان کاتدا هاوکارییەکی بەهێزیش دەبێت بۆ ئامانجەکانی بەردەوامی ژینگەیی و دیدگای گەشەپێدانی هەرێمیی.

بە تەواوبوونی ئەم وێستگانە کە تێکڕا توانایان پێنج هەزار مێگاواتە، پێشبینی دەکرێت ساڵانە نزیکەی ٣٥ ملیار کیلۆوات/کاتژمێر کارەبا بەرهەم بهێندرێت. لەم ڕێگەیەشەوە پلان ئەوەیە بەشێکی زۆر گرنگی پێداویستیی کارەبای سووریا دابین بکرێت.

- "شایەتحاڵی ساتێکی مێژوویین لە کەرتی وزەدا"

وەزیری وزەی سووریا، محەمەد بەشیر، لە گوتارێکیدا کە لە ڕێوڕەسمی واژووکردنی ڕێککەوتننامەکەدا پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ شایەتحاڵی ساتێکی مێژوویین، کە وەرچەرخانێکە لە کەرتی وزە و کارەبای سووریادا. ژێرخانی وێرانبووی ئەم کەرتە گرنگە ئاوەدان دەکەینەوە. ئەم ڕێککەوتنە هاریکاریی و یەکگرتنی هەرێمی لە کەرتی وزەدا بەهێز دەکات و هاوکارمان دەبێت لە هاندانی پڕۆژەکانی وزەی خاوێن و نوێبووەوە. لە هەمان کاتدا سوپاسی ئەو کۆمپانیایانە دەکەین کە هەریەکەیان لە بواری خۆیدا پێشەنگن و لەم پڕۆژە گرنگەدا بەشدارن".

باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و نوێنەری تایبەتی وڵاتەکە بۆ کاروباری سووریا، تۆم باراک ڕایگەیاند: "ئەم ساتانە زوو زوو ڕوونادەن و هەموو هەوڵەکانی حکوومەتی ئەمریکا لە بەرژەوەندی حکوومەتی نوێی سووریایە. سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە ١٣ی ئایاردا بڕیارێکی بوێرانەی دا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا. سڵاوی سەرۆک ترەمپتان پێدەگەیەنم و پێداگریی بۆ پشتیوانی کردنی حکوومەتی سووریا دووپات دەکەمەوە. بەلای ئێمەوە شەکانەوەی ئاڵای چوار وڵات لە پاڵ یەکدا زۆر بەهادارە".

دوای ڕێوڕەسمی واژووکردنی ڕێککەوتننامەکە، کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کالیۆن هۆڵدینگ، جەمال کالیۆنجو ڕایگەیاند: "وەک کالیۆن هۆڵدینگ کە کۆمپانیایەکی خۆماڵیی و نیشتمانییە، بە کۆکردنەوەی ئەزموون و زانیاری ٨١ ساڵەمان لەگەڵ سەرچاوەی مرۆیی لێهاتوو و هێزی زانیاری و تەکنەلۆجیامان، هەوڵمان داوە لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەی جێبەجێمان کردوون، پێداویستییەکانی وڵاتەکەمان بە باشترین شێوە دابین بکەین و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش بە شانازییەوە نوێنەرایەتی بکەین. لەم ڕوانگەیەوە چەندین پڕۆژەی گەورەمان لە وڵاتەکەمان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی ئەنجام داوە کە دەنگداوەیان هەیە".

کالیۆنجو باسی لەوە کرد بەو وەبەهێنانانەی ئەنجامیان داوە، پشتیوانییان لە بەرهەمهێنانی وزەی خۆماڵی و نوێبووەوە لە تورکیا کردووە و، بەشدارییەکی بەرچاویان لە سەربەخۆیی وزەی تورکیا و گۆڕانی سەوزی جیهاندا کردووە و، ڕایگەیاند: "گەورەترین وێستگەی وزەی خۆری ئەورووپا کاراپنار GES و، کالیۆن PV کە یەکێکە لە دامەزراوە بەرهەمهێنەرە دەگمەنەکانی جیهان و یەکەمینە لەسەر ئاستی ئەورووپا بە سیستمی بەرهەمهێنانی تەواو یەکگرتوو پێشکەش بە وڵاتەکەمان کردووە. تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان لە وزەی نوێبووەوەدا کردووە. پلانیشمان هەیە لە سێ ساڵی داهاتوودا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکەین".

گوتیشی: "دوای وەبەرهێنانەکانمان لە ڕۆمانیا، ئێستاش خۆشحاڵین لەگەڵ هاوبەشە بەڕێزەکانمان لە پرۆژەیەکی وەها گشتگیردا لە سووریای وڵاتی دراوسێماندا بەشدارین. ئامانجمانە بە هێزی ئەندازیاریی و ئەزموونی بەڕێوەبردن و ڕێبازی چارەسەرسازمان بەشداری لە دابینکردنی ئاسایشی وزەی سووریادا بکەین. پێموایە ئەم هاریکارییە پشتیوانی لە گەشەپێدانی هەرێمیی و سەقامگیریی دەکات، هیوادارم خێردار بێت بۆ هەموو لایەک".

- ""داهاتووی سووریا بە گەش دەبینم"

هاوکات لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، کالیۆنجو ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە شام ڕێککەوتننامەیەکی زۆر گەورەمان واژوو کرد. بەمەبەستی بەرهەمهێنانی نزیکەی پێنج هەزار مێگاوات کارەبا بۆ دابینکردنی پێداویستیی کارەبای سووریا، گرێبەستێک واژوو کرا. هاوبەشییەکی بەهێز و دەرفەتگەلێکمان هەیە. پشتیوان بە خودا لە نزیکترین کاتدا دەست بە کارەکان دەکەین".

کالیۆنجو ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەمە یەکەم کاریانە لە سووریا و، لە داهاتووشدا بە پرۆژەی فڕۆکەخانە و پرۆژەی جیاوازتر بەردەوام دەبن لە کارکردن لەو وڵاتە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کالیۆن هۆڵدینگ کالیۆنجو، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵگرتنی سزاکانی ئەورووپا و ئەمریکا لەسەر سووریا پێشهاتێکی گرنگە و، ڕایگەیاند: "داهاتووی سووریا بە گەش دەبینم".

کالیۆنجو باسی لەوەیش کرد سەرکۆماری سووریا شەرع بانگهێشتی کردوون بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە و، خۆشحاڵن بەم هاریکارییە و، لەو باوەڕەدام کارێکی باش ئەنجام دەدەین.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın