جيهان, ئابووری

وەزیری وزەی سووریا: "یەکێک لە گرنگترین ڕێککەوتننامەکانمان لە کەرتی وزەی وڵاتدا واژوو کردووە"

- وەزیری وزەی سووریا، محەمەد بەشیر: "لە دوو بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا، زیادبوونێکی بەرچاو لە دابینکردن و ماوەی بەکارهێنانی کارەبادا دەستەبەر دەکرێت".

Muhammed Karabacak, Ömer Koparan  | 30.05.2025 - نوێکردنەوە : 30.05.2025
وەزیری وزەی سووریا: "یەکێک لە گرنگترین ڕێککەوتننامەکانمان لە کەرتی وزەی وڵاتدا واژوو کردووە"

Damascus

دیمەشق - AA

وەزیری وزەی سووریا، محەمەد بەشیر ئاماژەی بەوە کرد یەکێک لە گشتگیرترین و گرنگترین ڕێککەوتننامەکانیان کە تا ئێستا لە کەرتی وزەی وڵاتەکەدا کراوە، واژوو کردووە و، ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا چوار وێستگەی غازی سروشتی و یەک وێستگەی وزەی خۆر دروست دەکرێن. ئامانجمانە بەم پڕۆژانە بگەینە توانای بەرهەمهێنانی تێکڕا پێنج هەزار مێگاوات کارەبا".

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەشیر هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو ڕێککەوتنی هاریکاریی ستراتیجییە کرد کە دوێنێ لە دیمەشق بە بەهای حەوت ملیار دۆلار لە نێوان وەزارەتی وزەی سووریا و کۆنسۆرتیۆمێک کە پێکهاتووە کۆمپانیاکانی کالیۆن هۆڵدینگ و جەنگیز هۆڵدینگی تورکی و کۆمپانیای UCCی قەتەری و کۆمپانیای پاوەر ئینتەرناشناڵی ئەمریکی واژوو کرا.

بەشیر باسی لەوە کرد کە ئەم ڕێککەوتنە دەستپێکی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە سووریا و مژدەی باشبوونێکی ڕیشەیی لە دابینکردنی وزەدا دەگەیەنێت.

هەروەها بەشیر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم وەبەرهێنانانە کوالتیی خزمەتگوزاری بەرز دەکەنەوە، هەلی کار دەڕەخسێنن و بە شێوەیەکی گشتیی بەشداری دەکەن لە گەشەپێدانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیدا، و ڕایگەیاند: "ڕێککەوتننامەکە چوار وێستگەی غازی سروشتی و یەک وێستگەی وزەی خۆر دروست دەکرێن. ئامانجمانە بەم پڕۆژانە بگەینە توانای بەرهەمهێنانی تێکڕا پێنج هەزار مێگاوات کارەبا".

وەزیری وزەی سووریا بەشیر، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی ساڵانێکی زۆرە بەسەر سووریادا سەپێنراون، هۆکارێکی چاوترسێنەربوون بۆ زۆرێک لە وەبەرهێنەران و، گوتی: "زۆر کۆمپانیا ئارەزووی ئەوەیان دەکرد لە کەرتە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان بکەن، بەڵام گەورەترین بەربەست لەبەردەمیاندا سزاکان بوون. لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکاندا، وەبەرهێنەران هەنگاوی بوێرانەتر دەنێن".

بەشیر تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەو ڕێککەوتننامەیەی واژووکراوە بەرجەستەترین نموونەی ئەم پرۆسەیەیە، گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی بە هاوبەشی کۆمپانیایەکی ئەمریکی، دوو کۆمپانیای تورکی و کۆمپانیایەکی قەتەری جێبەجێ دەکرێن، پەیامێکی گرنگی متمانە هەڵدەگرن سەبارەت بە وەبەرهێنان لە سووریادا".

- "ڕێککەوتننامەکە، بانگەوازێکی ڕوونە بۆ هەموو کەرتەکان"

وەزیری وزەی سووریا بەشیر، ئاماژەی بەو هاریکارییانە کرد کە لە بواری وزەدا لەگەڵ تورکیا و ئوردندا بەڕێوەدەچن و، ئەوەیشی خستەڕوو کە کارەکان بۆ دابینکردنی غازی سروشتی بەردەوامە.

ڕاشیگەیاند: "لەگەڵ تورکیا و ئوردندا کارەکانمان بۆ خستنەگەڕی هێڵێکی نوێی گواستنەوەی کارەبا بە توانای ٤٠٠ کیلۆڤۆڵت بەردەوامە. ئامانجمان ئەوەیە لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی داهاتوودا زیادبوونێکی بەرچاو لە دابینکردن و ماوەی بەکارهێنانی کارەبا دەستەبەر بکەین".

بەشیر باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا بڕی ئەو کارەبایەی لە سەرانسەری سووریادا دەگاتە ماڵان نزیکەی ١٥٠٠ مێگاواتە، بەوەیش دەتوانرێت ڕۆژانە تێکڕا سێ بۆ چوار کاتژمێر کارەبا دابین بکرێت.

ڕاشیگەیاند: "بەم هەنگاوانە هەلومەرجەکانی ژیان، نیشاندەرە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان و داتاکانی بواری گەشەپێدان لە سووریادا بە شێوەیەکی بەرجەستە باشتر دەبن. لە دوو بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا، زیادبوونێکی بەرچاو لە دابینکردن و ماوەی بەکارهێنانی کارەبادا دەستەبەر دەکرێت".

بەشیر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە هەڵگرتنی سزاکان، سووریا بووەتە وڵاتی دەرفەتی وەبەرهێنان و، گوتی: "ئەم ڕێککەوتننامەیە بانگەوازێکی ڕوونە بۆ هەموو کەرتەکان. ئیدی سووریا وڵاتێکی ئامادەیە بۆ وەبەرهێنان. دەرفەتەکان زۆر گەورەن، کۆمپانیاکان دێنە ڕیزەوە بۆ وەبەرهێنان تیایدا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن