Hamit Hüseyin
17 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2017
ھەولێر-AA
رۆژی هەینی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی بەشداری یەكەمین رۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونخی ئەڵمانیا بوو.
ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە لە پەراوێزی رۆژی یەكەمی كۆنفڕانسەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا، ئێدوارد ناڵبەندیان كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمینیا تاوتوێ كرا و وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا وێڕای ئەوەی بەفەرمی بانگهێشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی كرد بۆ سەردانی وڵاتی ئەرمینیا، ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی بەنیازە كۆنسوڵخانە لە شاری هەولێر بكاتەوە.
هەر لەم دیدارەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرا.
لەدوای ئەو دیدارە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ دێسك نوێنەری كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤووس كۆبۆیەوە و لەو دانیشتنەدا نوێنەری كۆڕبەندەكە سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی كرد كە بەشداری كۆڕبەندی داڤووس بووە و هەروەها باسیشی لە كۆڕبەندێكی تایبەت كرد پەیوەست بە بارودۆخی ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە پایتەختی شانشینی ئوردن دەبەسترێت و هیوای خواست سەرۆك بارزانی بەشداری ئەو كۆڕبەندە گرنگەیش بێت.
هەر لە رۆژی یەكەم و لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، جیمس ماتێس كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی نیشان دا و راشیگەیاند كە لەگەڵ دۆزی كورددا ئاشنایە و كوردستان و ئەمەریكا پێكەوە قوربانیان داوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی وێڕای پیرۆزباییكردن لە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بەبۆنەی دەستبەكاربوونی سوپاسی وەزیری بەرگریی ئەمەریكای كرد و هیوای خواست پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
هەر لەم دیدارەدا بەدوورودرێژی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپاتكردەوە و هیوایشی خواست بتوانێت سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
ئێوارەی رۆژی هەینی 17ی 2ی 2017 و لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونخ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف كۆبۆوە.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەكە و شەڕی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ كرا.
ئێوارەی هەمان رۆژیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ وەزیری دەوڵەت لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا، خاتوو بیتا مێرك كۆبۆوە.
لە دیدارەكەدا خاتوو بیتا مێرك باسی لە سەردانەكەی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و پێزانینی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هەبوو كە میوانداریی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی تیرۆرن و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەیشی لە شەڕی دژی تیرۆریستان بەرز نرخاند و جەختی لەوە كردەوە كە ئەڵمانیا و هەرێمی باڤاریا بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و گەلی هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی هەڵوێستی خاتوو مێرك و هەرێمی باڤاریای بەرز نرخاند و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە.
رۆژی شەممە 18ی 2ی 2017 سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی زنجیرەیەك دیداری گرنگی دەبێت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندێكی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا و ژمارەیەكی تری بەرپرسانی باڵای وڵاتان و جیهان كۆدەبێتەوە.
جێگەی ئاماژەپێدانە لەو كۆبوونەوانەدا سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، محەمەد حاجی مەحمود و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، فەریقی یەكەم عومەر عوسمان و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دكتۆر فواد حوسێن و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێمن هەورامی و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنوەر حاجی عوسمان یاوەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانین.