Muhammet Kurşun
10 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2016
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا سوپاسی خۆی ئاراستەی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە بەشداریان لە پرسەی ئەقلیمەخانی خوشکی کردووە، هەروەها سوپاسی سەرۆك و سەركردە سیاسی و كەسایەتییەكانی وڵاتان دەکات كه لە ڕێگەی تەلەفۆن و ناردنی بروسكەوه هاوخەمیان بۆ دەربڕیووە.
پەیامەکەی بارزانی کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە: "پڕ بەدڵ سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە لە پرسەی خوشكی گەورەم ئەقلیمەخان هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆیان ڕاگەیاندووە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە بەشداریان لە پرسەکەدا کردووە و تیایدا هاتووە: "سوپاسی هەموو ئەو سەركردە و كەسایەتییە سیاسیانەی ناوخۆ و عێراق و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و كەسایەتییە ئایینەكان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و كەسایەتییە فەرهەنگی و ئاكادیمی و كۆمەڵایەتییەكان و كۆی چینوتوێژەكانی كوردستان و، هاووڵاتیانی بەڕێز و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و ڕاگەیاندنكاران و هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە تەشریفیان هێناوە و ئامادەی پرسەكەمان بوونە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆك و سەركردە سیاسی و كەسایەتییەكانی وڵاتان دەکات كه لە ڕێگەی تەلەفۆن و ناردنی بروسكەوه هاوخەمیان بۆ دەربڕیووە و لە پەیامەکەیدا هاتووە: "سوپاسی ههموو ئهو كهسایهتییه سیاسی و كۆمەڵایەتییانەی هەرچوارپارچەی كوردستان و سەرۆك و سەركردە سیاسی و كەسایەتییەكانی وڵاتانی دراوسێ و جیهان دهكهم كه لە ڕێگەی تەلەفۆن و ناردنی بروسكەوه لە خەمی ئێمەیان كەم كردووەتەوە. خوای گەورە پادداشتی هەموو لایەكمان بدات".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی هیوای تەندروستی و بەختەوەری بۆ هەموو لایەك دەخوازێت.