Zana Natık Kerem
20 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2017
هەولێر ــ AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی دووپاتیكردەوە كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە وادی خۆیدا لە ٢٥ی مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و جەختیشی كردەوە كە دواخستنی وادەی ریفراندۆم لە ئارادا نییە.
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی عوكازی سعوودی كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوكراوەتەوە، مەسعود بارزانی گوتوویەتی: "پرسی دواخستنی ریفراندۆم لە ئارادا نییە و نامەنەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەزموونی ١٠٠ ساڵەی رابردووی شكستخواردوو و خوێنڕشتن و جەنگ و ئاگربەست بۆیە گەلەكەمان بڕیارداوە هەنگاو بۆ بژاردەی ریفراندۆم بنێت".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە كە رەزامەندی بۆ دواخستنی وادەی ریفراندۆم بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن راگەیاندبێت و گوتی: "هیچ رەزامەندییەكم لەسەر دواخستنی ریفراندۆم نەداوە، بەڵام رەزامەندی سازكردنی گفتوگۆ و دانوستانم لەگەڵ بەغدا لە پێناو داڕشتنەوەی ئایندەیەكی باش بۆ هەردوولا پێ دا".
سەبارەت بە خۆ كاندیكردنەوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، مەسعود بارزانی گوتی: "من خۆم كاندید ناكەمەوە و هیچ كەسێك لە كەسوكارەكەشم كاندید ناكەم".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتیكردەوە كە هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیاندا لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەدەچن و گوتیشی: "ئەگەر هەر حزبێك سبەی بە كەسێكی بە تەوافووق بێت و بڵێت ئەمە كاندیدەكەمە بە شێوەكی كاتی تا كاتی هەڵبژاردنەكان ئەوە من پێی دەڵێم بەخێر بێت".
سەبارەت بە دەستوەردانەكانی ئێران لە بەرامبەر بوونی توركیا لە هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی گوتی: "ئەگەر بوونی توركیا و ئێران بە پێی بەرژەوەندی و رێككەوتنی هەردوولامان بێت، ئەوا هیچ كێشەیەك نییە بەڵام ئەگەر كارەكە بە ئامانجی سەپاندنی قەڵەمڕەویی بێت ئەوا، نە ئەم نەوەیە و نە نەوەكانی داهاتووش ئەو كارە قبووڵ ناكەن".