Hemin Hüseyin
20 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2017
هەولێر - AA
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان، دەستپێکردنی پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی راگەیاند.
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، ئارام برادۆستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە وردەکاری بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە کرد و گوتی: "ئەمڕۆ پاڵپشت بە پەیڕەوی کۆمسیۆن بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەست دەکەین بە کردنەوەی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران لەناو شاری ھەولێر و دەورووبەری، بۆ ئەم مەبەستەش لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٥٣ بنکە کراوەتەوە کە لەو ژمارەیەش ٢٥ بنکە لەناو سەنتەری شار و ٢٨ بنکە لە دەورووبەری شار و سەرجەم قەزاکانی سەر بە پارێزگای ھەولێر کراونەتەوە".
سەبارەت بە ژمارەی کارمەندەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، ئارام برادۆستی گوتی: "لە سەرجەم بنکەکانی پارێزگای ھەولێر ٣١٨ کارمەند دابەشکراون بەسەر بنکەکاندا و بۆ هەر بنکەیەک ٦ کارمەند کە لە ئەرکدا دەبن بۆ نوێکردنەوەی تۆماری ناوی دەنگدەران و راپەڕاندنی کارەکان".
ئارام برادۆستی گوتیشی: "بە پێی ئەو لیستە بەراییەی کە ئامادەکراوە، ژمارەی دەنگدەران بریتییە لە یەک ملیۆن و ١٤٧ هەزار و ١٢٣ کەس. مەرج نییە هەموو دەنگدەران ناویان لە لیستەکاندا هەبێت، بۆیە دەنگدەران بۆیان ھەیە لە سنووری نیشتەجێبوونی خۆیان بە پێی فۆرمی خۆراک سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن تا دڵنیابن لە ھەبوونی ناوەکانیان و راست و دروستی زانیارییەکانیان، چونکە دوای تەواوبوونی ئەو پڕۆسەیە، ئەوا لیستێکی تۆماری دەنگدەران ئامادە دەکەین و پێشکەشی لایەنە سیاسییەکانی دەکەین سەبارەت بە وەرگرتنی زانیاری و هەبوونی تێبینی".
ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ماوەی دیاریکراوی تۆمارەکە کرد و گوتی: "دەنگدەران دەتوانن لە ٢٠ / ٨ /٢٠١٧ تا ٢٧/٨/٢٠١٧ سەردانی بنکەکانی تۆماری ناوی دەنگدەران بکەن بۆ دڵنیابوون لە هەبوون و نەبوونی ناوەکانییان لە تۆماری ناوی دەنگدەران".
دوای تەوابوونی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە، بەرپرسی بنکەی ١-١٠٦ ئازادی، سۆران شەهاب کۆیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ماوەی ئەو حەوت رۆژەدا هەر کەسێک ویستی کە ناوی خۆی لە بنکەی دەنگدەران بگوازێتەوە بۆ جێگایەکی دیکە ئەوا فۆرمێک پڕ دەکاتەوە بۆ ئەوەی ناوەکەی لە لای ئێمە بسڕێتەوە و لەوێ تۆمار بکرێت".
سۆران شەهاب گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی گلەییان لە تۆماری دەنگدەران هەیە دەربارەی ئەوەی ناوەکان هەڵەی تێدایە یان ناویان نەهاتووەتەوە، ئەوا دەتوانن سەردانی بنکەکانی دەنگدەران بکەن، هەروەها ئەوانەی تەمەنیان تازە بووەتە ١٨ ساڵ دەتوانن سەردانمان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسانەی کۆچیی دواییان کردووە، ئەوا کەسوکارەکەی دەتوانن بەڵگەنامەکانییان بهێنن بۆ ئەوەی ناویان لە تۆماری دەنگدەران بسڕێتەوە".
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی کردنەوەی بنکەی تۆماری دەنگدەران بوو، سەبارەت بە رێژەی بەشداربووانیش بۆ بەدوادچوونی ناوەکانیان، سۆران شەهاب گوتی: "ئەمڕۆ بە پێی ئەوەی یەکەم رۆژ بووە و رەنگە هاووڵاتییان ئاگادارنەبووبن، بەڵام لە بنکەکەی ئێمە تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٠٠ کەس سەردانییان کردووین".