Hemin Hüseyin
10 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2018
ھەولێر - AA
کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە شار و شارۆچکەکانی عێراق دەستیپێکرد و قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆیەکی زۆر لە بنکەکان بە هۆی ئامێرەکان دروستبووە و بەڕێوەبەری یەکێک لە وێستگەکانی دەنگدان ئاماژە بەوە دەکات کە ئامێرەکان کۆنن و بە باشی کار ناکەن.
لە هەرێمی کوردستان، ٢٤٧ هەزارو ٤٢٢ دەنگدەری تایبەت بەسەر ٩٢٧ وێستگەی سەر بە ٩٩ بنکەدا، دابەشکراون.
لە پارێزگاری هەولێر، ١١٤ هەزارو ١٧٢ دەنگدەری تایبەت هەیە، هاوکات ٢٣٤ وێستگە بەسەر ٤٥ بنکەدا دابەشبوون کە هەڵبژاردنی گشتی و تایبەتی لێ ئەنجام دەدرێت.
بنکەی بارزانی نەمر ژمارەی دەنگدەرانی بریتییە لە دوو هەزارو ٩٠٠ دەنگدەر کە دابەشبوون بەسەر حەوت وێستگەدا.
بەڕێوەبەری وێستگەی پێنج لەو بنکەیە ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا رێژەی بەشداربووان کەمە.
بەڕێوەبەری وێستگەی پێنج لە بنکەی بارزانی نەمر، سەمەد حوسێن شەریف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وێستگەی پێنج،٤٥٠ دەنگدەری هەیە و تا ئێستا کە ماوەی چوار کاتژمێرە دەستمان بە پڕۆسەکە کردووە، ٧٥ کەس توانیوویانە دەنگ بدەن بە هۆی ئەوەی ئامێرەکان کوالێتییان خراپە و کۆنن بەم هۆیەشەوە ناتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام کار بکەن".
سەمەد حوسێن شەریف گوتیشی: "ئامێرەکان بۆ ماوە ماوە لەکاردەکەون و کار ناکەن، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیمان بە کۆمسیۆنەوە کردووە و هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە و بەم هۆیەوەش پڕۆسەکە بە سستی دەڕوات".
یەکەمین جارە ئامێری ئەلیکترۆنی لە پڕۆسەی دەنگدان بەکاربێت و دەنگدەر لە رێگای مۆرێکی تایبەتەوە دەنگ بەو قەوارە و کاندیدە دەدات کە بە نوێنەری خۆی ھەڵیدەبژێرێت.
بڕیارە رۆژی ١٢ی ئایاری ئەمساڵ پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و ئەمڕۆش پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.