Hemn Baban
07 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2018
ھەولێر - AA
جگە لەناوی مردووان و دووبارە، ناوی کوردانی پارێزگاکانی دیکەی دەرەوەی ھەرێم و کوردانی تورکیا، ئێران و سوریا ھەیە.
ئینستیتیوتی پەی بۆ پەرەوەردە و گەشەپێدان نۆیەم راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە تۆماری دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان و ناونیشانی" تۆماری دەنگدەران لەنێوان بێگەردی و ساختەکاریدا"ی ھەڵگرتووە و بەدواداچوونێکە سەبارەت بە تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم، راپۆرتەکە لە دوو توێی ٩٢ لاپەڕە پێکدێت و ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ھۆڵی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتار و کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان خرایە روو.
سەرۆکی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەرەوەردە و گەشەپێدان، سەروەر عەبدولڕەحمان لەبارەی خەوشەکانی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند "ھێشتا ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە و نازانرێت ھەم ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم چەندە و هەمیش چەند کەس مافی دەنگدانی ھەیە، بۆ نموونە جیاوازییەکی بەرواردکاری لەنێوان ژمارەی دەنگدەر بۆ تۆماری دەنگدەرانی ساڵی ٢٠١٧ی عێراق لە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێم لەگەڵ تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەیە، و جیاوازییەکە ٢٧٥ ھەزار و ٤٢٣ ناوە کە جیاوازییەکی زۆرە و ئەگەر بەرکەوتەی ھەر کورسییەک لە ھەڵبژاردن ٢٠ ھەزار کەس بێت ئەوا ئەو رێژە جیاوازییە دەکاتە ١٣ کورسی".
سەروەر عەبدولڕەحمان گوتیشی" جیاوازییەکانیش بەمشێوەیەن لە پارێزگای سلێمانی ١٠١ ھەزار و ٥٦٧ دەنگی زیاتر و لە پارێزگای ھەولێر ١٠٥ ھەزار و ٢٨٦ دەنگی زیاتر و لە ھەولێر ٦٨ ھەزار و ٥٧٠ دەنگی زیاتر بە بەراورد بە تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسیۆنی ھەرێم ھەیە".
لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی کەموکورتییەکانی تۆماری دەنگدەرانەوە، سەروەر عەبدولڕەحمان روونی کردەوە تۆماری دەنگدەران پشت بە فۆرمی خۆراک دەبەستێت و ئەو فۆرمەش لەساڵی ١٩٩٦ەوە دروستکراوە و بەدەگمەن نەبێت ئەو کەسانەی مردوون لەو ساڵەوە لەو تۆمارە نەسڕاونەتەوە کە بەسەدان ھەزار کەس دەخەمڵێندرێن، بە نموونە وەکو ئەو ئاماژەی بۆ کرد تەنھا ئەوانەی تەمەنییان لەنێوان ١٠٠ بۆ ١٦٤ ساڵە و لە تۆمارەکەدا ناوییان ھاتووە، ١١ ھەزار و ٧٩٩ کەسن.
سەرۆکی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەرەوەردە و گەشەپێدان گوتیشی: "ھەر بەپێی ئاماری ساڵی وەزارەتی تەندروستی ژمارەی مردووان لەساڵانی ٢٠٠١ تا ٢٠١٧ لە ھەرێمی کوردستان بریتی بوون لە ٢١٧ ھەزار و ٦٤٤ کەس، کە ناوییان لە تۆماری دەنگدەراندا نەسڕاونەتەوە، ئەوە جگە لەوەی ناوی مردووەکانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١یش نەسڕاونەتەوە.
سەروەر عەبدولڕەحمان ھەروەھا لە میانی قسەکانیدا لەو کۆنگرەیەدا گوتی" ئەو کەسانەی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بوون و پێشتر نیشتەجێی ھەرێم بوون، بەڵام دواتر لە ئەنجامی رێککارەکانی ماددەی ١٤٠ گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگاکانی کەرکووک، مووسڵ، سەڵاحەدین، دیالە، قەزای مەخموور ناوەکانیان ھەر ماونەتەوە و نەسڕاونەتەوە، بەگشتی کۆی گشتی ناوی دووبارە بووەوە لەنێوان پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک بە ناوی دەنگدەرانی پارێزگاکانی مووسڵ و کەرکووک، ٩٤ ھەزار و ٥٦٧ کەسن".
سەروەر عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشکرد کە لە تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لەھەرێم چەندین ناوی دووبارە و سێ بارە و تەنانەت ٢٠ بارەشی تێدایە.
لەدرێژەی قسەکانیدا سەرۆکی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەرەوەردە و گەشەپێدان باسی لەوەشکرد کە ژمارەیەک لە کوردانی تورکیا، سووریا، ئێران فۆرمی خۆراکییان بۆ دروستکراوە و لەھەرێم نیشتەجێن و بەپێی یاسا ئیقامەیان ھەیە و رەگەزنامەیان وەرگرتووە، بەڵام بەشێکیان بەساختە ناسنامەی باری شارستانییان بۆ دروستکراوە و ناویان خزێنراوەتە نێو تۆماری دەنگدەرانەوە.
عەبدولڕەحمان گوتیشی"ئەوەی پەیوەندیی بە دەنگدانی تایبەت لە ھێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگەوە هەیە کە ژمارەیان بەسەدان ھەزار کەس دەخەمڵێندرێت دوو جار ناوییان تۆمارکراوە، واتە لە لیستی تایبەت بەخۆیان کە دەنگدانی تایبەتە و لە تۆمارە گشتییەکەش ناوییان نەسڕاونەتەوە".
سەروەر عەبدولڕەحمان لەمیانی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر خەوشەکانی دیکەی تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی گوتی" لە تۆماری کە بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم بەکارھات و بڕیارە بۆ ھەڵبژاردنەکانیش بەکاربێت سەرجەم ئەوانەی لەدایکبوونییان ساڵی ٢٠٠٠ە ناویان تۆمارکراوە و ئەوە لەکاتێکدایە ھەموویان تەمەنییان نەگەیشتووەتە ١٨ ساڵ و ھەموویان مافی دەنگدانییان نییە".
سەروەر عەبدولڕەحمان گوتیشی: "بەپێی ئەو خەوشانە بێت ئەوا تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ئەوا زیاتر لە ٩٢٣ ھەزار و ٩٥٥ ناوی دووبارە و ساختە لە تۆمارەکەدا ھەیە و بەمشێوەیە دابەش بوون" لیستی دەنگدانی تایبەت کە دووبارە ناوییان ھەیە ١٨٤ ھەزار کەس، کوردانی پارچەکانی تر کە ناویان خزێنراوەتە نێو تۆمارەکەوە نادیارە، دووبارەبوونەوەی نێوخۆی ھەرێم ١٠٠ ھەزار کەس، دووبارەبوونەوەی نێوان ھەرێم و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠، ٩٤ ھەزار و ٥٦٧ کەس، ژمارەی مردووان ٢١٨ ھەزار و ٩٦٥ کەس، لەدایکبووانی ساڵی ٢٠٠٠ کە تەمەنییان بەر لەوادەی دەنگدانە و نەگەیشتوونەتە ١٨ ساڵ ٦٠ ھەزار کەس، جیاوازی نێوان تۆماری بایۆمەتری عێراق و تۆماری عێراق ٢٧٥ ھەزار و ٤٢٣ ناو".
سەرۆکی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەرەوەردە و گەشەپێدان، سەروەر عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر بێت و تۆماری دەنگدەران پاک و خاوێن نەکرێتەوە کە کۆمیسیۆن ماوەیەکی زۆر کەمی لەبەردەمەدایە بۆ ئەو مەبەستە، ئەوا ھەڵبژاردن کێشەیەکی گەورە دەبێت و جیاوازیی دەنگ و ژمارە و ناوەکان زۆر زۆرن و بەھیچ پێوەرێک ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بەدی نایەت بەتایبەت لە بوونی ئەو سەدان ھەزارە لە ناوی ساختە و دووبارە و ناوی مردوو".