Hamit Hüseyin
03 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2016
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش برێت مەكگورك و شاندێكی یاوەری كرد کە لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دۆگڵاس سیلیمان و كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر کێن گرۆس و ژمارەیەك ڕاوێژكار پێکهاتبوو.
بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش، سوپاس و پێزانینی ئەمریكای بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و سەركردایەتیكردنی شەڕ و دەستپێشخەرییەكانی سەرۆك بارزانی دووپاتكردەوە و دەستخۆشیی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان کرد بۆ سەرکردایەتیکردنی شەڕی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانی کرد.
هەر لەم دیدارەدا باس لە بەرەوپێشچوونەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرا و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا تاوتوێكرا و نوێنەری ئۆباما خۆشحاڵیی خۆی بەو هەماهەنگی و هاوکارییە پتەوەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خستەڕوو کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵدا هاتە ئارا و ڕایگەیاند کە ئەوە بەرهەمی پێشنیار و بۆچوونەکانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی بووە و بووەتە هەوێنی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و جەخت لەسەر هەماهەنگی و ڕاوێژی بەردەوامی هەردوولا کرایەوە.