Hemin Hüseyin
03 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2016
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 2ـی 12ـی 2016 جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا،مایك پێنس لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی كرد.
بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە پێشتر سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، پێزانینی بۆ خەباتی گەلی كوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە هەبوو و ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆكی هەڵبژێردراو و خۆی و وڵاتەكەی و ئیدارەی تازەی ئەمریكا پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگەن و لە پشتیوانیكردنیان بەردەوام دەبن.
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆك و جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا كرد بە بۆنەی سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و سوپاسی هەڵوێستی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكای كرد كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاندووە.
لە هەواڵەکەی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە کراوە کە لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا سەرۆكی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان تووشی زوڵم و نەهامەتیی زۆر هاتووە و هیوایشی خواست كە ئەمەریكا و ئیدارە تازەكەی پشتیوانی داوا رەواكانی گەلی كوردستان بن.
هەر لەم پەیوەندییەدا هەردوولا جەختیان لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا كردەوە.